سەردێڕ:

ئایا هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەچێتە خولی دووەم؟

AM:08:48:15/05/2023

14408 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەنگەکانی دوو راکابەری سەرەکی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە یەک نزیکە و لە ئەگەری تێنەپەڕاندی ٥٠٪= یەکی دەنگەکان لە ئەنجامە فەرمییەکان، هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەچێتە خولی دووەم.


بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی ئاژانسی ئەنادۆڵو بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا١٠٠٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان خاوەنی ٤٩.٣٥٪ـی دەنگەکانە و کەمال کلێچدارئۆغلوش خاوەنی ٤٥٪ـی دەنگەکانە.

هاوکات سینان ئۆغان ٥.٢٢٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو موحەڕەم ئینجەش کە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا کشانەوەی خۆی راگەیاند، خاوەنی ٠.٤٣٪ـی دەنگەکانە.

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید ٥٠٪+ یەکی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و تاوەکو ئێستاش بەپێی ئەنجامە بەراییەکان هیچکام لە کاندیدەکان ئەو رێژەیەیان بەدەست نەهێناوە.

دوێنێ کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بەرووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە و تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوام بوو، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جار دەنگیان دا.

پەرلەمانی تورکیا لە ٦٠٠ کورسی پێکهاتووە و لە ئەستەنبوڵەوە ٨٩ پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان و لە ئەنقەرە ٣٦ کاندید سەرکەوتوو دەبن و لە ئیزمیریش ٢٨ پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان و لە بۆرسا ٢٠ پەرلەمانتار و لە ئەنتاڵیا ١٧ پەرلەمانتار و لە ئەدەنا ١٥ کاندیدی سەرکەوتوو و و کۆنیا ١٥ پەرلەمانتار و پارێزگاکانی دیکەش پشکیان لەنێوان یەک بۆ ١٤ پەرلەمانتارە.

ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە، تێیدا لە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیادا دەنگدرا و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوق بوو ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.

لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا، ململانێیەکی بەهێز لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەبوو لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردبوو.


 













گەلەری