سەردێڕ:

دەنگەکانی ئەردۆغان بۆ خوار ٪٥٠ دابەزی و ئەگەر هەیە هەڵبژاردن بکەوێتە خولی دووەمەوە

PM:11:02:14/05/2023

9464 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، دەنگەکانی ئەردۆغان بۆ خوار ٪٥٠ دابەزی و بە ئەگەری زۆرەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دەچێتە خولی دووەم.


تاوەکو ئێستا رێژەی ٩٧%ی دەنگەکان جیاکراونەتەوەو بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا رێژەی ٤٩.٥٩% دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەپێی سیستمی هەڵبژاردن لە تورکیادا ئەگەر هیچکام لە کاندیدەکان رێژەی ٥٠%ی دەنگەکان بەدەست نەهێنن، ئەوا هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووەم و لە ٢٨ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دووبارە دەکرێتەوە.

سیستمی هەڵبژاردن لە تورکیادا:

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تا بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.

سیستمی "هۆندنت" ئەو سیستمەی ڤیکتۆر هۆندت بیرکاریزانی بەلیجیکی دایهێناوە کە بریتییە لە دابەشکردنی دەنگی دەنگدەران بەسەر پارتە بەشداربووەکانی هەر بازنەیەک بەشێوەیەکی سەربەخۆ کە لە ژمارە یەکەوە دەستپێدەکات تا کۆتا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارەی پێویستە لەو بازنەیەدا دەربچێت.

ئەم سیستمە بە سیستمی "رێژە"ش ناسراوە و جگە لە تورکیا چەند وڵاتێکی دیکەش لە جیهاندا پەیڕەوی دەکەن کە لەناویاندا وڵاتی ئەوروپیش هەن.

بە گوێرەی سیستمی "هۆندت" پێویستە هەرپارتێک بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت، بەڵام ساڵی رابردوو رێژەکە لە تورکیا هەموار کرایەوە و کەمکرایەوە بۆ رێژەی ٧٪. بەو پێیەش هەر پارتێک یان هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت بەربەستی ٧٪ تێپەڕینێت ناتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.

هاوکات، کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماریش پێویستە زیاتر ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران مسۆگەر بکات تا بتوانێت ببێتە سەرۆکی وڵات.

هەربەگوێرەی سیستمی هەڵبژاردنی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەگەر سێ کاندید یان زیاتر هەبن و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دوو بەهێزترین کاندید نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوا دەچنە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر لە خولی دووەمدا یەکێک لە کاندیدەکان کشایەوە، ئەوا کاندیدی سێیەم دێتە پێشەوە و دەبێتە کاندیدی دووەم و بەشداری لە خولی دووەم دەکات.
هـ.ئـ













گەلەری