سەردێڕ:

ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر ئاڕاستەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەیە

PM:06:06:13/05/2023

540 جار خوێندراوەتەوە

تەنیا رۆژێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە رووداوێکی مێژوویی دەبێت بۆ ئەو وڵاتە، پرسی کوردو دەنگی ئەوانەی هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوەو دەنگی ئەو شەش ملیۆن دەنگدەرە نوێیەی بۆ یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و قەیرانەکانی ئابوری و زیادبوونی سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ و لاوازبوونی پێگەو رۆڵی دادگاکان و یاساو سیستەمی دادوەری ئەگەری هەیە ئاڕاستەی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت و کۆتایی بەسەردەمی ئەردۆغان بهێنێت.


رەجەب تەیب ئەردۆغانی تەمەن ٦٩ ساڵ کە زیاتر لە دوو دەیەیە دەسەڵاتی تورکیای گرتووەتە دەست و کاندیدی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هیوادارە لەهەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکشەممە، ١٤ی ئەم مانگە جارێکیتر وەک سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەمجارە رووبەڕووی قورسترین ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ژیانی سیاسی بووەتەوە.

بەشێک لەشرۆڤەکارانی سیاسی لەو باوەڕەدان هەژموون و زاڵبوونی ئەردۆغان بەسەر سیاسەت و حکومەت و سیستەمی دادوەری تورکیا لەماوەی سەد ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا بێوێنە بووە.

لەم هەڵبژاردنەدا، قەیرانی ئابوری و زیادبوونی سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ و لاوازبوونی رۆڵ و پێگەی یاساو سیستەمی دادوەری لەو ساڵانەی دواییدا گۆڕەپانەکەیان بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرتەسک کردوەتەوەو لەدیارترین ئەو ئاڵنگاریانەن رووبەڕووی بوونەتەوە.

یەکێکی دیکە لەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی ئەردۆغان دەبێتەوە دەنگە مۆلەق "سوینگ"ەکانن، ئەوانەی هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە دەنگ بەکێ دەدەن کە ٢٠٪ دەنگدەران پێکدەهێنن، سەرەڕای شەش ملیۆن دەنگدەری نوێ کە بۆ یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و دەنگ دەدەن.

لەبەرامبەردا، کەمال کڵیچدار ئۆغلوی تەمەن ٧٤ ساڵ و کاندیدی هاوپەیمانی میلەت و بەهێزترین رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەگوێرەی زۆربەی راپرسییەکان لە پێش ئەردۆغانەوەیە، لەماوەی رابردوودا رایگەیاند، دڵنیایە لەهەڵبژاردنەکاندا شکست بە حکومەتەکەی ئەردۆغان دەهێنێت.

پرسی کورد، یەکێک لەسەخترین و دیارترین پەسەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی تورکیا، ئەردۆغان و ئۆپۆزسیۆن چاویان لەسەر دەنگی کوردە، هەربۆیە بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و چاودێران لەو باوەڕدان چارەنووسی تورکیا ئەو کەسە دیاریدەکات کە بتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات.













گەلەری