سەردێڕ:

دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا: لەم قۆناغەدا کشانەوەی موحەڕەم ئینجە قبوڵناکرێت

موحەڕەم ئینجە کاندیدى دەستلەکارکێشاوەى هەڵبژاردنەکانى تورکیا
PM:03:55:13/05/2023

1508 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، ئەو دەنگانەی بە موحەڕەم ئینجە کاندیدە کشاوەکە دەدرێن هەژمار دەکرێن.


ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رایگەیاند "کشانەوەی موحەڕەم ئینجە سەرۆکی گشتی پارتی وڵات لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەدوای دەنگدانی خولی یەکەم کاری پێدەکرێت و ئەو دەنگانەی لەم قۆناغەدا پێیدەدرێت پێویستە هەژمار بکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، دوێنێ کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لەکاندیدبوون بۆ پۆستی سەرکۆمار گەیشتووەتە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن.

وتیشی، ''لەئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، گەیشتوین بەو ئەنجامەی کە بەپێی یاسای پەیوەندیدار دوای بڵاوکردنەوەی لیستی کاندیدەکان لەرۆژنامەی فەرمییدا، کشانەوەی کاندید لەسەرۆکایەتی کۆمار کاری پێناکرێت، لەبەرئەوەشە کشانەوەی سەرۆکی گشتیی پارتی وڵات، لەدوای دەنگدانی خولی یەکەم کاری پێدەکرێت و ئەو دەنگانەی لەم قۆناغەدا پێیدەدرێت پێویستە هەژمار بکرێت".

ئەوەشیخستەڕوو، هەموو رێوشوێنێک گیراوەتەبەرو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە کارتی دەنگداندا ناکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ١١ی ئەم مانگە، موحەڕەم ئینجە سەرۆکی پارتی وڵات و کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کشانەوەی خۆی لەکێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند.

سبەینێ یەکشەممە، ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت و بەدەر لەموحەڕەم ئینجە سێ کاندید ماونەتەوەو کێبڕکێدەکەن بۆ بەدەستهێنانى کورسى سەرۆکایەتى، کە پێکدێن لەهەریەک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى ئێستاى تورکیاو کەمال کڵیچدار ئۆغڵو سەرۆکى پارتى گەلى کۆمارى جەهەپەو سینان ئۆغان سەرۆکى هاوپەیمانى باوباپیران.













گەلەری