سەردێڕ:

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیادا؛ ناوچەکانی بومەلەرزەکە دەنگ بە کێ دەدەن؟

PM:07:24:12/05/2023

812 جار خوێندراوەتەوە

چاودێرێکی سیاسی رایگەیاند، دانیشتوانی ناوچەکانی مەڕەش و عەنتاب و ئۆرفا و ناوچەکانی دیکەی بومەلەرزەکەی ٦ـی شوبات پێشتر پاڵپشتیکاری سەرسەختی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بوون, بەڵام پێشبینی دەکات لە دوای هەڵبژاردنەکەوە ئەو پاڵپشتییە بگۆڕێت.


ئەمڕۆ هەینی, بیلال سامبور چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبییەی راگەیاند، لە پاش روودانی بومەلەرزەوە لە ناوچەکانی مەڕەش و عەنتاب و ئورفا و کیلیس و ئادی یامان و عوسمانییە پاڵپشتیکارانی ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار کەمیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پاش دەرکەوتنی کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و رکابەری ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار چیتر ئەردۆغان و پارتەکەی بەهێزترین پارتی ئەو ناوچانە نین.

باسی لەوەشکرد، هەبوونی رکابەرێکی وەک کڵیچدار ئۆغلۆ ئەوەدەگەیەنێت بردنەوەی ئەردۆغان لەو ناوچانە بەو ئاسانییەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ نابێت لە تێیدا ئەردۆغان دەنگی زۆری لە ناوچەکانی مەڕەش و عەنتاب و ئورفا و کیلیس و ئادی یامان و عوسمانییە بەدەستهێنا.

ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو ناوچانە ئاڵۆزە چونکە بەشێكی زۆری دانیشتوانەکەی ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی تورکیا بوون و رێکخستن و ئامادەکارییەکان لەو ناوچانە ئاڵۆزن.

لەوبارەیەشەوە چاوگێك بە ئەلعەرەبییەی وت، "لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان سود لەو قوتابخانانە وەردەگرێت کە لە بومەلەرزەکەدا زیانیان بەرنەکەوتووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژرادن.

لە ٦ـی شوباتی ئەمساڵدا زنجیرە بومەلەرزەیەک لە بەشێک لە ناوچەکانی تورکیا روویدا کە بەهێزترینیان بە گوڕی ٧.٨ پلە بوو و بەهۆیەوە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس گیانیانلەدەستدا و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.

ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو رێکەوتی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و جگە لە موحەڕەم ئینجە سێ کاندید ماونەتەوە و کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانى کورسى سەرۆکایەتى.














گەلەری