سەردێڕ:

بەپێی راپرسییەکی نوێ؛ کشانەوەی موحەرەم ئینجە ئەگەری بردنەوەی کڵیچدارئۆغلۆ زیاد دەکات

PM:04:55:12/05/2023

980 جار خوێندراوەتەوە

موحەڕەم ئینجە کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکان راگەیاند، ئەمەش ئەگەری سەرکەوتنی کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ رکابەری سەرەکی ئەردۆغان زیاتر دەکات.


بەپێی زۆرینەی ئەو راپرسیانەی بۆ هەڵبژاردنەکان لە تورکیا ئەنجامدراون، کەمال کڵیچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا سەرکەوتن بەسەر ئەردۆغان بەدەست دەهێنێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممە موحەڕەم ئینجە کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا راگەیاند لە دوای ئەوەی چەند گرتە ڤیدیۆییەکی نەشیاو بە ناوی ئەوەوە بڵاوکرانەوە.

دوای کشانەوەی ئینجە رکابەرێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە ئێستادا کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بریتین لە:

کەمال کڵیچدارئۆغلۆ سیاسەتمەدارێکی دیموکراتی تورکی تەمەن ٧٥ ساڵە و سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە. لە ئێستادا کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەندام پەرلەمانی تورکیا بووە .

رەجەب تەیب ئەردۆغان سیاسەتمەدارێک و ئابوریناسێکی تورکی تەمەن ٦٩ ساڵە و لە ئێستادا سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانە و لە ساڵی ٢٠٠٣ سەرۆک وەزیرانی تورکیا بووە و لە ساڵی ٢٠١٤ بووەتە سەرۆک کۆمار.

سینان ئۆغان توێژەرێکی سیاسی تورکە و بە رەگەز ئازاربایجانییە و ئەندامی پێشووی حزبی بزوتنەوەی نەتەوەیی و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا بووە و تەمەنی ٥٦ ساڵە و لەلایەن هاوپەیمانی ئاتای تورکیاوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو رێکەوتی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و جگە لە موحەڕەم ئینجە سێ کاندید ماونەتەوە و کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانى کورسى سەرۆکایەتى.














گەلەری