سەردێڕ:

ئەگەر ئەردۆغان شکست بهێنێت، ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی نوێی تورکیا چی دەبن؟

PM:08:02:09/05/2023

2108 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای ئەگەری شکستهێنانی ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ هەمان پۆست، لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، حکومەتی ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیرانەکانی دۆخی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پشێوی ئاستەکانی سیاسەت و کۆمەڵگا و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە دەبێتەوە.


گۆڤاری "The National interest" بڵاویکردووەتەوە، لە دوای شکستی رەجەت تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و حزبی ئەکەپە، حکومەتی نوێی تورکیا بەرەنگاری سێ ئاڵنگاری دەبێتەوە، کە بریتین لە ئاڵنگاری ئابوری و دۆخی دامەزراوەکانی دەوڵەت و حوکمڕانیکردن لە نێو پشێوی لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسەت و کۆمەڵگا.

ئاماژەی بەوەشداوە، گرنگترینیان بریتییە لەو دۆخە ئابورییەی لە ئەنجامی خراپی کارگێری بوومەلەرزەکەی رێکەوتی ٦ی شوبات دروستبووە، بۆیە لەسەر حکومەتی نوێی تورکیا پێویست دەبێت بە زووترین کات پاکێجێکی دارایی ئامادە بکات بۆ چارەسەرکردنی رێژەی هەڵئاوسان.

گۆڤارەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، قەیرانە ئابورییەکانی دیکەی تورکیا بریتین لە کەمی بەهای لیرە و شکستی متمانە لە ئابوری تورکیا.

دەشڵێت، تێچووی پێویست بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزە لە نێوان ٨ بۆ ١٢٪ی بەرهەمی ناوخۆدایە و ئەوەش بڕێکی زۆرە بەراورد بە سستی رۆڵی حکومەتی ئەردۆغان لە دوای بوومەلەرزەکە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەکرێت حکومەتی نوێ بە خێرایی قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.

گۆڤارەک باسی لەوەشکردووە، لەو ژینگە سەختەدا لەسەر حکومەتی نوێی تورکیا پێویست دەبێت پشتیوانی ناوخۆ بەدەستبهێنێت ئەویش لە رێگەی کارکردن بە شەفافیەت و روونکردنەوەی چالاکی و کردە سیاسییەکان بۆ ئەو جەماوەرەی لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵای رابردوودا بەهۆی حوکمی ئەردۆغانەوە متمانەی لە دەستداوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆماری تورکیا لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و تیایدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی کاندیدی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و کەمال کڵیچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی کۆماری گەل و کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کە هەدەپە پشتیوانی لێدەکات و رکابەری سەرسەختی ئەردۆغانە.

بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمە یەکەمجارە لەماوەی ٢١ ساڵی رابردوودا کە بەرامبەر کاندیدێک رووبەڕووی کێشەیەکی زۆر ببێتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا. هاوکات ئەگەر یەک کاندید ٥٠+١٪ دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، هەڵبژاردن لە ٢٨ ی ٥ی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت.













گەلەری