سەردێڕ:

ئەحمەد تورک: دەسەڵاتی سیاسی بە زیندانیکردن دەیەوێت کورد چاوترسێن بکات

PM:11:00:08/05/2023

1504 جار خوێندراوەتەوە

سیاسەتمەدارێکی کورد لە باکوری کوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت بە زیندانیکردن، کورد بترسێنێت. دەشڵێت، "خۆیان ڕادەستی ئەو سیاسەتە ناکەن و تا کۆتایی شەڕ دەکەن".


ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری دێرینی کورد لە باکوری کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری پارتی چەپی سەوز لە شاری عەنتاب رایگەیاند، دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت بە زیندانیکردن، کورد بترسێنێت.

وتیشی، "سەڵاحەدین دەمیرتاش، گوڵتن کیشاناک، سەباحەت تونجەل، فیگەن یوکسەکداغ و چەندین هاوڕێی ترمان لە زیندانەکاندا زیندانی کراون. هەموو ئەمانە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە روودەدەن کە دەیانەوێت کورد چاوترسێن بکەن."

ئەحمەد تورک ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتی سیاسی بە رەتکردنەوەی زمان و ناسنامەی کورد دەیەوێت درێژە بە حوکمڕانی خۆی بدات.

دەشڵێت، پارتی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵات دەردەکەن و دەست بە پرۆسەیەکی دیموکراسی دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەژێر ناوی لیستی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، پشتیوانی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەکات.

زۆربەی راپرسییەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن کە کلیچدارئۆغڵو لە پێش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیادایە.













گەلەری