سەردێڕ:

سعودیە و ئێران ئەم جۆرە گەشتە دەستپێدەکەنەوە

PM:08:03:22/04/2023

3920 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، ئێران و سعودیە لە گفتوگۆکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عەمرە بەردەوامن.


عەبدولفەتاح نەواب نوێنەری عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران وتی، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عەمرە پێویستی بە گفتوگۆ و تاوتوێکردن هەیە لە نێوان دەسەڵاتی ئێران و سعودیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەنجامدانی گەشتەکانی عەمرەن.

باسی لەوەشکرد، پێویستە لە نێوان هەردوو وڵاتدا کونسوڵخانەکان بکرێنەوە و چالاک بکرێن پێش ئەوەی وەرزی حەج دەسپێبکات.

پێشتریش، لە رۆژی ١٢ی ٤ی ٢٠٢٣ کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، ئیحسان خاندوزی وەزیری ئابوری و دارایی ئەو وڵاتە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سعودیە و وڵاتەکەی لە گفتوگۆدان بۆ دامەزراندنی ژوورێکی بازرگانی هاوبەشی ریاز-تاران بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

وتیشی، لە ئایندەیەکی نزیکدا رۆژمێری "کۆمیسیۆنی ئابووریی هاوبەش"ی نێوان ئێران و سعودیە رادەگەیەنن و پلانی جۆراوجۆریشیان هەیە بۆ زیندووکردنەوە و گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٣ شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و موسەید بن محەمەد ئەلعەیبان وەزیری دەرەوەی سعودیە و فانگ یی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە پەکینەوە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنی سعودیە و ئێران بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیندراوەکە، ئەو دەستپێشخەرییە لەسەر داوای شی جین پینگ سەرۆکی چین بووە و پاڵپشتی لێکنزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە و خواستی هەردوو وڵاتی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان کردووە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت سعودیه‌ ٢ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٦ به‌تۆمه‌تی تیرۆر ٤٧ كه‌سی له‌سێداره‌دا كه‌ زانای ئایینی شیعه ‌مه‌زهه‌بیان لە نێودا بوو و دوای ئه‌وه‌ش به‌رپرسانی ئێران به‌ دوای یه‌كدا كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر سعودیه‌ ده‌ربڕی، دواتر ئاگر به‌ردرایه‌ باڵیۆزخانه‌ی سعودیه‌ له‌ تاران و كۆنسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ مه‌شهه‌د.

ئەو دوو وڵاتە لە ماوەی رابردووشدا چەندان جار لە عێراق کۆبوونەوە بە مەبەستی رێککەوتن و ئاماژەیان بەوەدا نزیک بوونەتەوە لە رێککەوتن.













گەلەری