وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، زانکۆ لاین کارا دەکرێت و خوێندکاران دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێم پڕ بکەنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچووانی ١٢ی ئامادهیی له زانكۆكانی كوردستان دەستپێدەکات و لە ئەمڕۆوە لە کاتژمێر ٨ى بەیانى، زانكۆلاین بۆ ماوەى ١٠ رۆژ کارا دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، خوێندکاران دەتوانن تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٧ی ئەم
مانگە لەسەر وێبستایتەکە فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە و پێشکەشی بکەن، کە وێبستایتەکە
بریتییە لە(www.regayzanko.com) .
ئەوەش خراوەتەڕوو، دهرچووان دهبێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر
و وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وهریانگرتووەتهوه
فۆرمی وهرگرتن پڕبكهنهوه.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، خوێندکاران دەتوانن لەسەر هەمان وێبسایت
ڕێبەرى وەرگرتن بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، یان سەردانى مەڵبەندەکانى
ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتی پڕكردنهوهی
فۆرمی وهرگرتن بهسیستمه جیاوازهكان.
وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، پێویستە خوێندکاران هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان
پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە
فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵە و بەشێک کە
لەلایەن دەرچوو پێشکەش دەکرێت.
سیستمی وەرگرتن چۆن دەبێت؟
بەپێی وەزارەتەکە، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە
دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/
قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو
دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن.
ئەوەش هاتووە، پێویستە دەرچووانى پۆلى دوانزە هەر لە یەکەم ڕۆژی کاراکردنی
زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەش کردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
سەبارەت بە هەبوونى پەیج و ئەکاونت بە ناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن،
وەزارەتەکە ئەوەی راگەیاندووە، ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان نییە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە،
بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکان لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى
باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک.