سەردێڕ:

حکومەت رێکاری بۆ دابەزاندنی نرخی سەرجەم جۆرەکانی گۆشت گرتەبەر

PM:05:48:15/08/2021

34424 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لەئێستادا کەرتی پەلەوەر بەتەواوی مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پرۆژەکان بەرز دەبێتەوە"، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە نووسراوێکدا بڕیاریدا بە دابەزاندنی نرخی ئالیک و دەڵێت، بەوەش نرخی سەرجەم جۆرەکانی گۆشت دادەبەزێت.


وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاوکردووەتەوە، لەپێناو دابەزاندنی نرخی ئالیک و پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی پەلەوەر و ئاژەڵ و ماسی لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنووسراوێکی فەرمی، کە ئاراستەی وەزارەتی دارای و ئابوری کراوە، پێشنیازی لابردنی باج دەکات لەسەر صویا و پرۆتین، کە لەئامادەکردنی ئالیک بەکاردێت بەنووسراوی ژمارە (٥٦١٨) لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١دا.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی نرخی ئالیک بەرزبووەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، لە پێناو پاڵپشتی جوتیاران و بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و پرۆژەکانی پەلەوەر و ئاژەڵ و سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ لە رێگای لابردنی باج لە سەر صۆیا و پرۆتین، هەوڵدەدات نرخی ئالیک لە بازاڕەکانی هەرێم دابەزێنێت.

دوێنێ نازم عەبدوڵڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لەئێستادا کەرتی پەلەوەر بەتەواوی مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە و هیچ لایەنێک خۆی ناکات بەخاوەنی ئەم کەرتە، پشتیوانی تەواومان ناکەن بۆمانەوە و لەسەر پێوەستانی خۆی کە دەرفەتی کاری بۆ هەزاران خێزان رەخساندووە".

باسی لەوەشکرد، "لەئێستادا بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پرۆژەکان بەرز دەبێتەوە بەبێ ئەوەی چاودێری لەسەر کارگەکانی دروستکردنی عەلەف هەبێت، لەماوەی چەند مانگێکدا نرخی هەر یەک تۆن عەلەف لە ٤٥٠ دۆلارەوە بۆ ٥٥٠ دۆلار بەرز بووەتەوە و نرخی هەر یەک جوچک لە ٣٠ سەنتەوە بۆ ٨٥ سەنت بەرز بووەتەوە".

دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت نرخی جوچک بگاتە ١ دۆلار کە ئەمەش نرخێکی بەرزە بۆ خاوەن پرۆژەکان و تێچوی زۆر دەبێت، لەکاتێکدا مریشک دەچێتە بازاڕەوە کەنرخی ٢٠٠ دینار زیاد دەبێت هەمولایەک نیگەرانیان دەگەیەنن پێمان و رێگری لێ دەکرێت بچێت دەرەوە، ئێمە ماوەی سێ ساڵە داوا لەحکومەت دەکەین نرخ بۆ پەلەوەر دیاریبکات و بەشێوەی سیستماتیک ئەم کەرتە لە هەرەسهێنان و داڕووخان بوەستێنێت."

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئەوەشی وت، "لەئێستادا بەهۆی چەندین نەخۆشییەوە رۆژانە لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردنی پەلەوەردا بە سەدان جوچک و مریشک مردار دەبنەوە، و زیانی زۆر بە خاوەن کێڵگەکان دەگات، بەوهۆیەشەوە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ترسیان لەوە هەیە جارێکی تر هۆڵەکانیان پڕبکەنەوە لە جوچک بەهۆی گرانی عەلەف و جوچک ئەمەش وادەکات کەرتەکەمان بەتەواوی ئیفلیج ببێت".

لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە و گەرمیان ٩٠٠ پرۆژە بەرهەم هێنانی مریشک هەیە کە خۆی لە١٣٠٠ هۆڵ دەبینێتەوە بێجگە لەپرۆژەی نایاسایی.

No photo description available.













گەلەری