یەکێک لەو زەیتانەی چەندین سەدەیە باس لە سوودەکانی
دەکرێت و بۆ چەندین مەبەست بەکاردێت زەیتی زەیتونە، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی تەندروست
بەکار نەهێنرێت زیانی لە سوودەکانی زیاتر دەبێت.
د. زانا ئەحمەد پزیشکى پسپۆڕى هەناو لەبارەی چۆنێتی
بەکارهێنانی زەیتی زەیتون وتی "ئەگەر ئەو زەیتە بە شێوەیەکى دروست مامەڵەى لەگەڵدا
نەکرێت، ئەوە کاریگەرییەکانى پێچەوانە دەبێتەوە، سوودى نامێنێت و زیانیشی زۆر دەبێت."
ئەو پزیشکە وتیشی "زەیتى زەیتوون زۆر هەستیارە،
بە سێ شت زۆر بە زوویى تێکدەچێت و دەگۆڕێت بۆ جۆرێک چەوری کە پێى دەوترێت (تڕانس
فات) کە ناتەندروستترین جۆرى چەورییە و دەبێتە هۆى قەڵەوى و زەخت و شەکرە، تا دەگات
بە شێرپەنجەش."
ئەو هۆکارانەی کە وا دەکات زەیتی زەیتون بە
زوویی تێکبچێت بریتین لە:
یەکەم: ئۆکسجین، بەوەى
هەواى بەربکەوێت.
دووەم: گەرمی، بە ئاگر
و تەنانەت ئەگەر گەرمیی هەواى ژووریش بگاتە 25 پلەى سەدى.
سێیەم: تیشک و رووناکی بەتین، تیشکى خۆر و تەنانەت
هى گڵۆپیش.
بۆیە بۆ ئەوەى زەیتى زەیتوون سوودى هەبێت، دەبێت
ڕەچاوى ئەم خاڵانە بکرێت:
١. ئەو زەیتانە بەکاربهێنرێت کە بە هاڕین
و گوشین دەهێنرێن، کە لەسەریان نووسراوە (Virgin)،
نەک ئەوانەى بە کوڵاندن بەرهەم دەهێنرێن، کە لەسەریان نووسراوە (Riviera).
٢. زەیتى زەیتوون لە شووشەى ئەستوورى رەنگ
تۆخ هەڵبگیرێت، تا تیشکى بەر نەکەوێت.
٣. بە هیچ جۆرێک نابێت لە چێشت بکرێت، بەتایبەتی
لە سوورکردنەوەی خواردندا.
٤. بە خواردنى گەرمدا نەکرێت، بەڵکو تەنها
بە خواردنى ساردى وەک زەڵاتەدا بکرێت.
٥. لەسەر مێز و کەوانتەر دانەنرێت، بەڵکو
دواى بەکارهێنران، بخرێتە ناو کەوانتەر تا رووناکی لێى نەدات.
٦. دواى بەکارهێنان بە تەواوى سەرى دابپۆشرێت،
تا هەوا لێى نەدات.