ئەکتەری دیاری کورد ماھیر حەسەن سەبارەت بە گۆڕینی ناوی باوکی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، شانازی بە باوکی و دایکییەوە دەکات، ئەوەی لە زۆر شوێن بڵاوکراوەتەوە ڕاست نییە.
ماھیر حەسەن لە ھەژماری ئینستاگرامەکەی بە ڤیدیۆ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیدا ھاتووە، بەداخەوە ھەندێک شوێن بەبێ ئاماژەدان بە ھیچ شتێک رایانگەیاندووە کە ماھیر حەسەن ناوی خۆی گۆڕیوە و کردوویەتی بە ناوی دایکی، ھەروەک وتوویەتی "شانازنی بە باوکم و ناوی باوکمەوە دەکەم، ئەوەندەش شانازی بە دایکمەوە دەکەم، لەدوای خوای گەورەش ھیچ شتێک ھێندەی دایک پیرۆز نییە".
ئاماژەی بەوەکردووە، ھونەرمەندی دیار ھەیە کە باوکی لەدەستداوە و دایکیان سەربەرزانە منداڵەکانیان بەخێوکردون و ناوی دایکیان ھەڵگرتووە، ئەمە شتێکی عەیبە نییە ناوی دایکت لە تەنیشت ناوی خۆتەوە بێت.
ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو بابەتە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە کۆبوونەوەیەکدا کەمپەینێک ڕێکخرا بەناوی "ناوی من ناوی دایکمە"، ئەم کەمپەینە بۆ ئەو منداڵانەیە کە لەو کچانەی قوربانی دەستی تیرۆربوون چەندین منداڵیان لەو چەکدارانە خستووەتەوە و باوکی منداڵەکان ونن، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم کەمپەینەوە فشار بخرێتە سەر عێراق تاکو ناویان بخرێتە سەر ناوی دایکیان، بۆ ئەوەی چارەنوسی ئەو منداڵانە یەکلایی بکرێنەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا ماھیر دەڵێت "من شانازی بە دایک و باوکمەوە دەکەم، بەداخەوە ھەندێک کەس تەفسیری ھەڵە بۆ ئەو بابەتانە دەکەن، من نەموتووە ناوی خۆم گۆڕیوە و کەس بە ناوی باوکمەوە بانگم نەکات، ئەو شتە نەبووە، تەنیا قسەیەک کە کراوە ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەکەدا وتراوە کێ حەز دەکات بە ناوی دایکی بانگی بکات، منیش وتوومە یەکێکم لەو کەسانەی حەزەکەی بە ناوی دەیکمەوە بانگم بکەن".
ماھیر حەسەن لە (١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥) لە عەربەتی سەربە پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٧٩وە دەستی بە کاری ھونەری کردووە، ساڵی ١٩٨٥ بەشی شانۆی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی تەواوکردووە، یەکەم بەرھەمی شانۆگەریی "چینی چەوساوەی کرێکاران لەژێر دەستی ئاغا و دەرەبەگدا" بووە، لە ساڵی ١٩٨٥خەڵاتی رێزلێنانی بۆ باشترین ئەکتەر وەرگرتووە، دیارترین بەرھەمەکانی بریتین لە "یاخیبوونی ستار، گەردەلول، ماڵەکەی مەعروف، بەخت رەش" کە زیاتر لە یاخیبوونی ستار ناوبانگی دەرکردووە، تا لە زیاتر لە ٢٠٠ بەرھەمی ھونەریدا بەشدارییکردووە.
ئ.ل