هەڵەیەک ژنێکی ئەمریکی دەکاتە خاوەنی ٢٥٠ هەزار دۆلار

PM:05:21:02/04/2026

1824 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی تەمەن ٥٧ ساڵ لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا، بەهۆی هەڵەیەکی بچووکەوە لە کاتی کڕینی بلیتی تیروپشکی "Fantasy 5" لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، خەڵاتێکی گەورەی بە بڕی ٢٥١,٧٣٨ دۆلار بردەوە.

ئەم ژنە کە دانیشتووی ناوچەی ئۆکلاندە، بە بەرپرسانی تیروپشکەکەی ڕاگەیاندووە کە مەبەستی بووە ژمارە ٤٧ هەڵبژێرێت، بەڵام بە هەڵە پەنجەی بە ژمارە ٣٩دا ناوە.

ئەم خانمە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرچەندە زانیویەتی ژمارەکەی بە هەڵە داگرتووە، بەڵام بڕیاری داوە نەیگۆڕێت چونکە هەمیشە دایکی پێی وتووە "هیچ شتێک بە ڕێکەوت نییە".

هەمان شەو کاتێک ئیمەیڵێکی لە کۆمپانیای تیروپشکەکەوە بۆ هاتووە، سەرەتا وایزانیوە وەک جارەکانی پێشوو تەنها چەند دۆلارێکی کەم پاداشت کراوە، بەڵام دوای چوونە ناو هەژمارەکەی تووشی شۆک بووە کاتێک بینیویەتی هەموو ژمارەکانی تیروپشکەکە تەواوکەری یەکتربوون و رێککەوتوون.

براوەکە دەڵێت دوای زانینی هەواڵەکە بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناو ماڵەکەیدا بەبێ هۆکار پیاسەی کردووە چونکە نەیتوانیوە بڕوا بەو شانسە گەورەیە بکات.

ژنەکە دووپاتی کردەوە کە هەمیشە تەنها بۆ کاتبەسەربردن و بەسەرهاتی خۆش بەشداری لە تیروپشکدا کردووە و هەرگیز چاوەڕێی بردنەوەی بڕە پارەیەکی ئاوا زۆری نەکردووە.

سەبارەت بە پلانی داهاتووی بۆ خەرجکردنی پارەکە، ئەو خانمە ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ پلانێکی گەورەی نییە و تەنها دەیەوێت پارەکە لە هەژمارێکی پاشەکەوتدا دابنێت و بەردەوام بێت لە ژیانە ئاساییەکەی خۆی.