کەشناسی وادەی دەستپێکردنی شەپۆلێکی بەفر و بارانی راگەیاند

PM:12:14:12/01/2026

100 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی دەڵێت، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە و بۆ سبەینێش بەردەوامیی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم وتی، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، درەنگانی شەو و بەرەبەیانی سبەینێ بارانبارین تەواوی هەرێم دەگرێتەوە و بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت، پێشبینی دەكرێت بەفر لە سنتەری پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆكان ببارێت.

وتیشی، لە ئەنجامى هاتنی شەپۆلێکى بەفر و باران بۆ سەر ناوچەکە ئەمڕۆ بارانبارین لە كاتەكانی دواینیوەڕۆ لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەستپێدەكات، و پاشان كاریگەریەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ ئیدارەی سۆران و راپەرین و پارێزگای هەولێر و لە ناوچە شاخاوییەكانی باكوور بەفر دەبارێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە كاتەكانی بەیانیدا نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، بەفر لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و راپەڕین دەبارێت لە ناوچە شاخاوییەكان بەفربارین زیاتر دەبێت، بۆ كاتەكانی شەو كاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەكە كۆتاییدێت.

باسی لەوەشکرد، نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمارکراوە کە -١ پلەی سیلیزییە و بەرزترینیش لە کەرکوک و گەرمیانە کە ١٢ پلەی سیلیزییە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

سلێمانی: ٦ پلەی سیلیزی

هەولێر: ١١ پلەی سیلیزی

پیرمام: ٨ پلەی سیلیزی

سۆران: ٣ پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: -١ پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: ٩ پلەی سیلیزی

دهۆک: ٧ پلەی سیلیزی

زاخۆ: ٧ پلەی سیلیزی

کەرکوک: ١٢ پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : ٨ پلەی سیلیزی

گەرمیان: ١٢ پلەی سیلیزی