توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی چینی دەریخستووە خواردنی گۆشت وەک بەشێک لە
خۆراکی هاوسەنگ ڕەنگە پەیوەندی بە تەمەن درێژییەوە هەبێت و ئەگەری گەیشتن بە تەمەنی ١٠٠ ساڵی زیاد بکات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، توێژینەوەکە پێنج هەزار و
٢٠٣ بەشداربووی چینی لەخۆگرتبوو کە هەموویان تەمەنیان لە سەرەتای توێژینەوەکەدا لە
٨٠ ساڵ یان زیاتر بوو، لەو ژمارەیەش هەزار و ٤٩٥ کەسیان تەمەنیان گەیشتووەتە ١٠٠ ساڵ
و سێ هەزار و ٧٤٤ کەسیش پێش ئەوەی بگەنە ئەو تەمەنە گیانیان لەدەستداوە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەی خۆیان لە خواردنی گۆشت بەدوور گرتووە
ئەگەری گەیشتنیان بە تەمەنی ١٠٠ ساڵی کەمتر بووە بە بەراورد بە گۆشتخۆرەکان، لەکاتێکدا
ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ ٢٩% لەنێو ڕووەکیخۆرەکاندا.
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو ڕووەکخۆرانەی هێلکە و بەرهەمە
شیرەمەنیەکان دەخەنە ناو خۆراکەکانیانەوە، ئەگەری گەیشتنیان بە تەمەنی ١٠٠ ساڵ بە ڕێژەی
١٤% کەمترە هەروەها ئەو خۆراکە ڕووەکییانەی کە ماسی لەخۆدەگرن پەیوەندییان بە کەمبوونەوەی
هاوشێوەی ئەگەرەکانەوە هەبووە.
دکتۆر شیانگ گاوو، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە روونیکردەوە کە ڕەنگە کەسانی
بەتەمەن پێویستیان بەو ماددە خۆراکییە گرنگانە هەبێت کە لە گۆشتدا هەن، ئەوەش پێشنیاری
ئەوە دەکات کە ڕێجیمێکی هاوسەنگ کە خۆراکی ڕووەکی و ئاژەڵی تێکەڵ دەکرێت پەیڕەو
بکرێت ئەمەش ڕەنگە گونجاوترین بێت بۆ تەمەنێکی درێژتر و تەندروستییەکی باشتر.
لە هەمان کاتدا توێژینەوەکە جەختی لەسەر گرنگی سەوزەکان کردووەتەوە، بەو
پێیەی خواردنی ڕۆژانە پەیوەندی بە زیادبوونی ٨٤%ی ئەگەری گەیشتن بە تەمەنی ١٠٠ ساڵەوە
هەیە بە بەراورد بەو کەسانەی کە بە بەردەوامی نایخۆن.
توێژەران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەنجامی توێژینەوەکەیان هانی خۆراکی
گۆشت نادەن، بەڵکو بانگەشە بۆ هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی ڕووەک و ئاژەڵدا دەکەن
بۆ تەمەنێکی درێژ، بە لەبەرچاوگرتنی باری جەستەیی گەورەساڵان و کاریگەرییەکانی لەسەر
توانای سوودوەرگرتنیان لە هەر جۆرە خۆراکێک.