هێلکە لە مێژە بە یەکێک لە گرنگترین خۆراکە تەندروستەکان دادەنرێت بە
درێژایی مێژوو، سەرچاوەیەکی هەرزانە بۆ پڕۆتین و ماددە خۆراکییە پێویستەکان.
لەم چەند ساڵەی دواییدا ئارەزومەندانی خۆراکی تەندروست لە نێوان ئەو کەسانەدا
دابەشبوون کە پێیان باشە تەنها سپێنەی هێلکە بخۆن، دوورکەوتنەوە لە زەردێنەی هێلکە،
بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەشدارە لە دابەزاندنی کێش و هەرسکردنی ئاسانترە.
دکتۆر شوبهام ڤاتسیا، پزیشکی پسپۆڕی گەدە و ڕیخۆڵە، ڕەخنەی لە پسپۆڕانی
خۆراک گرتووە کە زەردێنەی هێلکە ناشرین دەکەن و بە گەورەترین "فێڵ" ناوی
بردووە.
دکتۆر ڤاتسیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ئاماژەی بەوە کردووە
جگەر بە تەنیا ٨٠%ی کۆلیسترۆڵی جەستە بەرهەم دەهێنێت و دەشڵێت "ئەو کۆلیسترۆڵە
خۆراکییەی لە زەردێنەی هێلکەدا هەیە بە کردەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵی
خوێن نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، توێژینەوەیەک کە ١٥٠ هەزار کەسی تێدا بەشداربووە دەرکەوتووە
خواردنی یەک هێلکە لە ڕۆژێکدا ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک زیاد ناکات
بە پێچەوانەوە زەردێنەی هێلکە ئاستی کۆلیسترۆڵی باش (HDL) زیاد دەکات و لوتین و کۆلین و ڤیتامینە پێویستەکانی تێدایە کە تەندروستی
دڵ بەرەوپێش دەبات.
ئەو پزیشکە جەختی لەوە کردەوە کە شێوازی ئامادەکردنی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە،
ئاماژەی بەوەشکرد زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی کەرە، کرێم، یان ڕۆن دەبێتە هۆی کێشەی هەرسکردن،
کەسێکی پێگەیشتوو و تەندروست کە نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێنی نەبێت دەتوانێت
ڕۆژانە سێ هێلکەی تەواو بە سەلامەتی بخوات.