سەردێڕ:

پشێوییەکانی بەغدا و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان

AM:11:36:16/10/2021
17684 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

چەند رۆژێکە لەبەغدا جۆرێک لەپشێوی ھەیە، لەئەنجامی کەوتنی بەشێک لەھێزە عێراقییە تەقلیدیە چەک بەدەستەکان، ھەڕەشەی قبوڵنەکردنی ئەنجام و پرۆسەکەش دەکەن.
ئەوەی دەبێتە پرسیار ئەوەیە، کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات؟ ئایا ھەر بەراست پرۆسەکە لەبەردەم مەترسیدایە؟
حەقیقەتێک ھەیە، ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی داھاتووە، نە لە دەسەڵاتی پەرلەمان و دامەزراوەکاندایە بۆیە ھیچ مەترسیەکی نزیک مەودا نیە لەسەر داھاتووی حەشدی شەعبی یان بودجەکەی تاوەکو بیگەیەننە مریشکە رەشە.
خاڵی گرنگتر، تا ئایەتوڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەو نفوزی قوڵی ئێران لەناو ھێزە شیعیەکاندا مابن، روودانی شەڕێکی ناوخۆیی شیعە بەشیعە مەحاڵ دەبێت.
کەواتە گوشارەکان و ھەڕەشەکان بۆچی دەکرێن؟
ھێزە دۆڕاوەکانی ھەڵبژاردن ھێندە گوشارەکانیان بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆیانە لەدانوستانەکانی پێکھێنانی حکومەتدا، ھێندە گوشارەکانیان بۆ سەر کۆمسیۆن نیە.
چونکە دەزانن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاویان لەم ھەڵبژاردنەیەو بەھیوای درووستبونی حکومەتێکی بەھێزن بتوانێت کێشەکانی رابردوو چارەسەر بکات و سەقامگیرییەک بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی داھاتوو
ئەبو ئیسرا (نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەنیوان ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠١٤) چەند ساڵێکە دەیەوێت خولێکی نوێی ھەڵبژاردن ببێتەوە سەرۆک وەزیران و دەڵێت ھاوپەیمانییەکمان لە (٩٣) کورسی گرەنتی کردووە.
مالکی کە ٣٨ کورسی مسۆگورە، سەرقاڵی پێکھێنانی بەرەیەکی فراوانە و پشتی بە کورسییەکانی فەتح و حەکیم و چەند ھێزێکی دیکەی شیعی بەستوە.
ئەو ھاوپەیمانێتییەکەی کە مالیکی دەیەوێت دروستی بکات تا ئێستا ئەم ھێزانە دیارن کەپشتیوانی دەکەن (ھاوپەیمانی فەتحی ھادی عامری ٢٠ کورسی)‌و (عەقدی نیشتمانی فالح فەیاز ٦ کورسی)‌و (ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت ٥ کورسی)‌و (فەزیلە کورسییەک)‌و (حقوق باڵی سیاسی کەتیبەکانی حزبوڵا کورسییەک) ‌و (سادقون باڵی سیاسی عەسائیبی ئەھلی حەق)‌و (کوتلەی سەنەد باڵی سیاسی جوندول ئیمام)‌و (چەند کوتلەیەکی تری بچوک کە کورسییەک بۆ دوو کورسییان بردوەتەوە)، ریان کلدانی سەرۆکی ھێزەکانی (بابلیۆن) کە لە کۆی (٥) کورسی کۆتای مەسیحییەکان (٤) کورسی بردوەتوە، رەزامەندی دەربڕیوە بچێتە ناو ھاوپەیمانێتییەکەی.
لەبەرامبەردا سەدر ھەر خۆی تائیستا بەبێ ھاوپەیمانی دەرەکی (٧٢) کورسی بەدەستھێناوەو بەو ھاوپەیمانیانەی پێشتر لەگەڵ چەند لایەنێکدا کردویەتی ئەگەر بڕێکی زیاتر لەکورسیەکانی مالیکی کۆنەکاتەوە دەتوانێت ھێندەی ئەو کۆبکاتەوە.
ماڵی شیعەو ئێرانیەکان دەیانەوێت ئەو پرسە لەنێوان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ کوردو سوننە.
ھەرجارێکیش ئەوە کرابێت، لەنێوان دوو رکابەری بەھێزدا کەسی سێیەم کاندید کراوە کە لەچاوەڕوانی کەسدا نەبووە، کەرەنگە بازەکە جارێکی دیکە بەسەر شانی مستەفا کازمی بنیشێتەوە.
کازمی بەپیشەگەرییەکی تەواوەو بە یەک دووریی مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم ھێزەکاندا کردووە، تا رادەیەکی زۆر باڵانسی نێوان ئێران و ئەمریکای پاراستووەو توانیویەتی گۆڕانکاریەکی کەم بەسەر ئابوری عێراقدا بھێنێت، لەھەموو ئەوانەش گرنگتر لەنێوان شەقامی عێراقدا خوازراوەو جێی پەسەندی تشرینیەکانە.
کورد چی بکات؟
کورد نابێت ببێتە لایەنگری ھێزێکی دیاریکراوی سیاسی، پرسی یەکڕیزی و یەک گوتاریش تەنھا بۆ کاتی دابەشکردنی کێکەکەیە، دەبێت ھێزە سیاسیە نارازییەکان لەسەر بنەمای جێگیری خۆیان دوور لەیەکێتی و پارتی داخوازیەکانی خەلکی کوردستان بکەنە پێشمەرجی خۆیان و نەکەونە ژێر گوشاری ھەڵای میدیاییەوە.
دەنگدانیان بەھەر سەرۆک وەزیرێک پەیوەست بکەن بە بەرنامەی کاری حکومەتەوە، نەک لەسەر بنەمای وەرگرتنی وەزیر یان بریکاری وەزارەتێک کە کەسێکی پێ دەوڵەمەند بێت لەسەر حسابی دەنگدەری کورد.

 

گەلەری