سەردێڕ:

دووبارە کەیسەکەمان فرۆشراوە؟

PM:05:49:17/03/2024
5320 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+ -

لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوودا، کەیسی دەستپێکردنەوەی پله بەرزکردنەوەمان بردە بەردەم دادگای فیدراڵی، کە ماوەی نۆ ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم، مافی پلەبەرزکردنەوەشیان لێ زەوت کردووین و هەتا ئەم ساتەش بەردەوامە، هەر ئەوکات پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ (رێبوار ئەوڕەحمان)، بەدەم داواکەمانەوە هات و دەعواکەی لەڕێی پارێزەرێکەوە خستە بەردەم دادگا، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی نەبونی پەیوەست بەکاری دادگاکەوە رەتکرایەوە، جا هەر هێندەی خۆش بوو، دادگا ووتی ئەمە لەکاری ئێمە نییە بەڵکو پەیوەستە بە دادگای ئیدارییەوە، ئیتر دکتۆر غالب محەمەد و چەند کەسێکی تر و پەرلەمانتاری بەسەرچوو، کردیان بەهەڵڵا لە ئیعلام و بەبێ ئەوەی بپرسن بزانن کێن ئەوانەی سکاڵاکەیان کردووە، کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە بە نەوەی نوێ و سەرۆکی جوڵانەوەکەی کە گوایە ئەم کەیسە بە پارتی فرۆشراوە و سەفەقاتی پێوەکراوە، لە کاتێکدا ئێمە چەند مامۆستا و فەرمانبەرێک بوین و دەعواکەمان لەڕێی ئەو پەرلەمانتارەوە، گەیاندە دادگای فیدراڵی، بەڵام بە هۆکاری نەبوونی پسپۆری دادگاکەوە، رەتکرایەوە.

لەکاتێکدا، ئێستا ئەوە بۆ جاری دووەم دەرکەوت کە دادگای فیدراڵی ئەو کەیسە بە کاری خۆی نازانێت و دووبارە لەلایەن چەند مامۆستا و فەرمانبەری ترەوە سکاڵا تۆمارکرا و بۆ جارێکی تر رەتکرایەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، غالب محەمەدی پەرلەمانتاری خانەنشین زۆر لە ئاستێکی نزمدا، کەوتە تۆمەت بەخشینەوە، گوایە ئەم کەیسە فرۆشراوە بە پارتی، کە بێگومان ئەوکات بۆ ئێمەی سکاڵاکار و مافخوراو حاڵەتێکی ناخۆش بوو، چونکە هەم لەلایەک دادگا بێ ئومێدی کردین، هەمیش کەسانێک لەبری دەستخۆشی بۆ ئەوانەی بەدەم داواکەمانەوە هاتبوون و دۆسییەکەمانیان برد بەردەم دادگا، بەڵام بە مەرامی تایبەت و تۆمەتی ناڕەوا، بۆ لایەنی هەستکراو بە بەرپرسیاریەتی کە پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بوو، کردیان بەهەڵڵای ئیعلامی، بەخشینەوەی چەندین تۆمەتی ناڕەوا!

بۆیە ئێستاش من دەپرسم، جەنابی دکتۆر ئەی ئەمجارەیان کەیسی پلەبەرزکردنەوی مامۆستا و فەرمانبەران، بەقسەی ئێوە بێت، دەبێت لەلایەن ئێوەوە فرۆشرابێت بە دەسەڵات، بەڵام ئێمە رەتی دەکەینەوە، وەک ئێوە بکەوینە نێو گێژاوی مەرامە تایبەتەکان، دەڵێین؛ نەخێر قسەی دادگای فیدراڵی راستە، ئەوە کاری ئەوان نیە و نە نەوەی نوێ کەیسەکەمانی فرۆشت، نە ئەوەی دووەمجاریش فرۆشرا، بەڵکو تەنها شتێک کە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، ئەو جۆری پەلاماردانە بوو لەو ئاستە نزمەدا.

٭بۆزانیاری هەموو لایەک، ئەو کەیسە ئێستا لەدادگای ئیداریی و دادگای فەرمانبەرانە لە بەغداد کاری لەسەر دەکرێت، هەر دەبێت بگاتە ئەنجام.

گەلەری