سەردێڕ:

بریکاری وەزارەتی تەندروستی: پێویستە پارەی نەختینەی دەرمان دابینبکرێت

AM:11:59:17/04/2022

2320 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، ئەوان پێشتر نوسراویان کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پارەی نەختینەی دەرمان پێش موچە بدرێت، چونکە گرنگییەکی زۆری هەیە و پێویستە بە خێرایی پارەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، رەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بابەتی کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان و سنوری ئیدارەی سلێمانی لە ترۆپکدایە و پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە.

رەهێل فەریدوون لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پەیامنێری ئێن ئاڕتی سەبارەت بە کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکان دەگات بە کوێ و هەوڵە جدییەکان چین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە چین؟ ئاماژەی بەوەدا، پێشتر لە بانکەکانی سلێمانی پارەی باش خەرجکراوە بۆ دەرمان و لە دهۆک و هەولێر وا نەبووە، بۆ نموونە لە سلێمانی ٢٠٪ خەرجکراوە و لە دهۆک و هەولێر ١٪ یان ٢٪ بووە.

دەشڵێت، "لە ئێستادا لە سلێمانی پارەی نەختی لە بانکەکاندا نیە و هەر ئەوەشە بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی گرفت."

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد، ئەوان نووسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکردووەتەوە و داوایانکردووە پارە دابین بکرێت و دەرمان بەردەست بێت لە نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەی نەگاتە ئاستێکی مەترسیدارتر.

وتیشی، "ئێمە هۆشداریمان داوە و چارە نەکرا ئەگەر وا بەردەوام بێت گرفتەکە گەورەتر دەبێت."

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا قەیرانی کێشەی نەبوونی دەرمان و خزمەتگوزاری پێویستە لە نەخۆشخانەکانی ناو شار و سنوری پارێزگای سلێمانی بەشێک لە نەخۆشخانە سەرکەییەکانی وەک فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری شێرپەنجە و بوژانەوەی دڵ و بانکی خوێن بەشێک لە خزمە تگوزارییەکانیان راگرت و تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا هۆشدارییاندا لەوەی کەرتی تەندروستی لە سەر لێواری داڕماندایە.













گەلەری