سەردێڕ:

ناکۆکی پارتی و یەکێتی لەسەر غازی هەرێم چییە؟

AM:08:31:17/04/2022

5356 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی بەشی شیکارییە سیاسی و ئابوورییەکان لە سەنتەری نالیا بۆ سیاسەتە گشتییەکان رایگەیاند، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر غازی هەرێم چۆنییەتیپەرەپێدانی ژێرخان و دابەشکردن و هەناردەکردن و گرێبەستەکانە لەگەڵ کام کۆمپانیابێت. دەشڵێت، "ئێران و تورکیا لەم دۆسییەیەدا بەرژەوەندی جیاواز و دژ بەیەکیان هەیە".


محەمەد حسێن بەرپرسی بەشی شیکارییە سیاسی و ئابوورییەکان لە سەنتەری نالیا بۆ سیاسەتە گشتییەکان راگەیاند، یەکێتی و پارتی هاوڕان لەسەر پەرەدان بە کێڵگە غازیەکان و زیادکردنی بەرهەم هێنانی غاز، چونکە بەهۆی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە، غاز خواستی زۆر لەسەرەو بازاڕەکەشی سەقامگیرترە بەراورد بە بازاڕی نەوت.

ئاماژەی بەوەشدا، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر شەراکەت و هاوبەشیە لە گرێبەستی دروستکردنی بۆری غاز لە چەمچەماڵەوە بۆ دهۆک.

دەشڵێت، پێدەچێت یەکێتی بیەوێت بەجۆرێکی تر پرۆسەی پەرەپێدانی ژێرخان و دابەشکردن و هەناردەکردنی غاز پەرەی پێبدرێت، یاخود قسەیان هەبێت لەوەی گرێبەست لەگەڵ کام کۆمپانیا بکرێت، ناکۆکیەکە لەسەر ئەمەیە، نەک جەوهەری ئیشەکە.

محەمەد حسێن ئەوەشی ئاشکرا کرد، پلانی هەناردەکردنی غازی هەرێم بەو شێوەیە، بەتەنیشت ئەو بۆریەی ئێستا هەیە، بۆ گەیاندنی غاز لە چەمچەماڵ و کۆرومۆرەوە بۆ هەولێر و لەوێشەوە بۆ دهۆک بۆریەکی تر دروست بکرێت.

وتیشی، بڕیارە ئەو بۆریانە لەلایەن کۆمپانیای کار گروپەوە دروست بکرێت، بۆیە ناکۆکی دروستبووە لەسەر کۆی ئیدارەدانی ژێر خانی هەناردەکردنی غاز و دابەشکردنیشی لەناو کوردستاندا.

بەرپرسی بەشی شیکارییە سیاسی و ئابوورییەکان لە سەنتەری نالیا بۆ سیاسەتە گشتییەکان  باسی لەوەشکرد، ئێران و تورکیا لە دۆسیەی ناردنە دەرەوەی غازی هەرێم دا، بەرژەوەندی جیاواز و دژ بەیەکیان هەیە، رەنگە ئێران غازی هەرێم بەڕکابەری غازی خۆی دابنێت، چونکە غازی هەرێم گەر بدرێتە پارێزگاکانی عێراق، دەبێتە رکابەری غازی ئێران و بەشێک لە پشکەکانی لەبازاڕدا داگیردەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، گەر غازی هەرێم بەتورکیاش بفرۆشرێ، دیسان دەبێتە رکابەری غازی ئێران، بۆیە ئاساییە ئێران لەمە نیگەران بێت، بەڵام دۆخەکە بۆ تورکیا جیاوازە و بەرژەوەندی راستەوخۆی هەیە لە پەرەپێدانی کێڵگە غازیەکانی هەرێم، چونکە غازی هەرێم گەر بەتورکیا بفرۆشرێ، یاخود لەڕێگەی تورکیاوە هەناردەی ئەوروپا بکرێت، هەر سەرچاوەیەکی گەورەی داهات و بەرژەوەندیە بۆ تورکیا.

لەبارەی بڕی غازی هەرێمیشەوە، محەمەد حسێن بەرپرسی بەشی شیکارییە سیاسی و ئابوورییەکان لە سەنتەری نالیا بۆ سیاسەتە گشتییەکان وردەکاری زیاتری ئاشکرا کرد و وتی، بەپێی کۆتا راگەیەنراوی کۆمپانیای داناغاز و هاوبەشەکانی لە کێڵگەی غازی کۆرومۆر، لە ئێستادا رۆژانە ٥٤٢ ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەم دەهێنن، لەکاتێکدا بۆ دابینکردنی کارەبای ناوخۆ، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز هەیە، ئەمە جگە لە غازی شلی ماڵان و سوتەمەنی.

وتیشی، لە هەرێم تەنها لە کێڵگەی کۆرومۆر غاز بەرهەم دەهێنرێت، کێڵگەکانی تر بەرهەمیان نییە و وەکو پێویست گەشەیان پێنەدراوە.

هەروەها، لەبارەی ئەو بڕە غازەی پێویستە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هەرێم، محەمەد حسێن ئاماژەی بەوەدا، گەر کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکرێت، خەڵک رۆژانە و لەوەرزی هاویندا، شەش گێگاو نیو کارەبای دەوێت، لەزستانیشدا پێویستی بە زیاتر لە شەش گێگا کارەبا هەیە، ئەمەش بەپێی لێکدانەوەی خودی وەزارەتی کارەبا، بۆ بەرهەم هێنانی ئەم بڕە کارەبا و ئیشپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، هەرێم رۆژانە زیاتر لە یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی دەوێت.

هاوکات، ئەوەشی خستەڕوو، گەر پشت بە کێڵگەی کۆرومۆر و داناغاز ببەسترێ و کێڵگەی چەمچەماڵیش بەتەنیشتیەوە پەرەی پێبدرێ، تا ساڵی ٢٠٢٥ بەرهەمی ئەو دوو کێڵگە ناگاتە ملیارێ پێ سێجا غاز لە رۆژێکدا، بەڵکو دەگاتە ٩٦٠ ملیۆن پێ سێجا، واتە تا ساڵی ٢٠٢٥ هێندە غاز نابێت کارەبای پێویست بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکرێت، ئەمە جگە لە غازی شل و سوتەمەنی.

جەختیشیکردەوە، گەر هەرێم وەبەرهێنان لە غاز نەکات و کۆمپانیای بیانی نەهێنێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی تری وەکو میران و بنەباوێ، کێڵگەکانی چەمچەماڵ و کۆرومۆ تا ساڵی ٢٠٢٥ هێندە غازیان نابێت، بەشی خەڵکی کوردستان بکات، نەک فرۆشتن.

ئەمە لەکاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتییانی کوردستان بەدەست دەیان کێشيی جۆراوجۆرەوە سی ساڵە گرفتارن و لەلایەن دەسەڵاتی یەکێتی و پارتییەوە چارەسەرنەکراوە، کێشە و گرفتی کارەبا و سوتەمەنی بەردەوام لە گرفتە پێشینە چارەسەرنەکراوەکانی خەڵکی کوردستانن، بەڵام لەماوەی رابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ئیماراتی عەرەبییەوە رایگەیاند، ئامادەن غاز بۆ ئەوروپا و چەند ووڵاتێکی دەرەوە دابین بکەن.

 

 

 دەنگی ئەمریکا













گەلەری