سەردێڕ:

شازادەی ئەم وڵاتە دەستبەرداری نازناوەکەی بوو

AM:09:40:04/04/2022

8964 جار خوێندراوەتەوە

شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن، کە ساڵی رابردوو ناوی لە ھەوڵی ئەنجامدانی کودەتایەک تێوەگڵابوو، وازھێنانی لە نازناوی "شازادە" راگەیاند.


حەمزە بن حوسێن شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن ، لە ھەژمارە خۆی لە تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەستبەرداربوونی خۆی لە نازناوی "شازادە"یی راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، "دوای ئەوەی کە لە ساڵانی رابردوودا بینینم، گەیشتمە ئەوەی کە قەناعەتی کەسیم و ئەو نەگۆڕانەی کە باوکم لە ناخمدا چاندوویەتی و بەدرێژایی تەمەنم ھەوڵمدا پێوەیی پابەندبم لەگەڵ پەیڕە و ئاراستە و شێوازی نوێی دامەزراوەکانماندا ناگونجێت. لە روانگەی ئەمانەت بۆ خودا و ویژدانەوە جگە لە وازھێنان لە نازناوی شازادە زیاتر ھیچ نابینیم".

حەمزە بن حوسێن، ئاماژەی بەوەش کردووە، خزمەتکردنی وڵاتەکەی و گەلەکەی لە رێگەی ئەم نازناوەوە بە درێژایی تەمەنی و ھەموو کات شەرەفمەندی بووە و جەختی لەوە کردەوە کە تاکو دەمێنێت لە ژیاندا ھەر وەکو ھەموو کاتێک بە راستی لەگەڵ ئوردن دەمێنێتەوە و لە ژیانی تایبەتیدا تاکو ھێزی ھەبێت خزمەتی گەل و ڵاتەکەی دەکات.

پێشتریش، لە رێکەتی ٦ی ٣ی ٢٠٢٢ نامەیەکی لێبوردنی ئاراستەی شا عەبدوڵای برای کردبوو بەهۆکاری ئەوەی ساڵی رابردوو ناوی لە ھەوڵێکی کودەتا لە وڵاتەکەیدا تێوەگڵابوو.

شازادە حەمزە، لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ساڵی رابردوو ئوردن "بە قۆناغێکی خەمناکدا تێپەڕی" و بە سایەی "ژیری، دانبەخۆداگرتن و لێبوردەیی" شا عەبدوڵڵا-ی دووەمەوە ئەو دۆخەیان تێپەڕاندووە.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا هاتبوو، "برا گەورەم، من ھەڵەم کرد، تەنھا خوای گەورە ھەڵە ناکات. من بەرپرسیارێتی ئەو کردەوە و ھەڵسوکەوتە خراپ و ئاژاوەگێرییەی کە بە ئاراستەی خاوەن شکۆمان و وڵاتەکەمان لە ساڵانی رابردوودا کردوومە دەگرمە ئەستۆ. ئومێدەوارم لێبوردەیی ھەموو جارێکی خاوەن شکۆمانم".

ئەمە لەکاتێکدایە، حەمزە بن حسێن کوڕی شا حسێن تەڵاڵی ئەردەنە، دوای ئەوەی شا عەبدوڵای برای وەک پادشای وڵات دەستنیشانکرا، حەمزە بن حسێن بووە شازادەی جێنیشین، بەڵا شا عەبدوڵا شازادە حسێنی کوڕی وەک شازادەی جێنیشین دەستنیشانکرد و بەمەش شازدە حەمزەی برای لە دەسەڵات دورخستەوە. ساڵی رابردووش هەوڵێکی شکستخواردووی کودەتا لە ئوردون دراو تیایدا شازادە حەمزە بەتێوەگلان تۆمەتبار کرا.













گەلەری