سەردێڕ:

کاتی دابەشکردنی پاداشتی کارمەندانی کۆمسیۆن ئاشکراکرا

PM:08:51:18/03/2022

18120 جار خوێندراوەتەوە

لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژانی ٢٩ تاوەکو ٣١ی مانگی ئازار پارەی چاودێرانی سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ دابەشدەکرێت، وتەبێژی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، "رێزلێنانی سەرۆکوەزیرانیش ئامادەیە و چاوەڕوانی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانین".


ئەمڕۆ هەینی، حەیدەر محەممەد بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق پارەی بۆ ناردووین و لەگەنجینەکاندا دانراوە بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر چاودێرانی رۆژی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەم."

وتیشی، "ئێستا چەند کارێکی هونەریی کەم ماوە و دەتوانین ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارەکە دابەشبکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان موچەی مانگی شوبات دابەشدەکرێت و هەروەها پشووش راگەیەنراوە، بۆیە دابەشکردنی پارەکە دەکەوێتە هەفتەی دواتر ."

باسی لەوەشکرد، "لە رۆژانی سێشەممە ٢٩ی ئازار تاوەکو ٣١ی ئازار پارەی چاودێرانی سندوقەکانی دەنگدان دابەشدەکەین و لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش پارەکە لە هەفتەی داهاتوو بەسەر چاودێراندا دابەشدەکرێت".

لە عێراق بۆچاودێری سندوقی هەڵبژاردنەکان؛ بڕی ١٥٠ هەزار دینار و نووسراوێکی رێز و سوپاس کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەشدەکرێت دەدرێتە ئەو چاودێرانەی فەرمانبەری دەوڵەتن و بڕی ٢٥٠ هەزار دینار دەدرێتە ئەو چاودێرانەی دەرچووی زانکۆن.













گەلەری