سەردێڕ:

بەردەوامی هێرشە موشەکییەکان دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان

PM:02:15:29/01/2022

3612 جار خوێندراوەتەوە

دوای کشانەوەی مانگێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق، هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر پێگە و بنکەسەربازییەکان و بارەگای حزبەکان بەردەوامییان هەیە.


کۆتا هێرشیش، هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بوو کە بە شەش موشەک هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەڵەتی و بەهۆیەوە رێڕەوی فڕۆکەکان و دوو فڕۆکەی شارستانی زیانیان بەرکەوت.

هێرشەکان بوونەتە هۆی نیگەران بوونی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ، لە نێویاندا کوەیت، بەجۆرێک بۆ ماوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق راگرت.

لەلایەکی دیکەوە، پلاتفۆڕم و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی نزیک لە گروپە چەکدارییەکان بڵاویانکردەوە، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا بنکەی سەربازی ڤیکتۆریای بە ئامانج گرتووە کە نزیکە لە فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتییەوە، بەڵام راگەیەنراوە فەرمییەکانی عێراق ئاماژەبەوەدەدەن موشەکەکان کە لەجۆری کاتیۆشابوون لەسەر بەشی مەدەنی فڕۆکەخانەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش، شەممە، لە گوندی بوعیسە باشوری بەغدا، کەناوچەیەکی نیشتەجێبوونە بە موشەک هێرش کرایە سەری.

ئەفسەرێکی پلەباڵای هێزی ئۆپرسیۆنە هاوبەشەکان بە مالپەڕی ئەلعەرەبی جەدیدی راگەیاند، هێرشەکان ناوچەکانی نیشتەجێبوون و دامەزراوە مەندییەکانی بە ئامانج گرتووە، ئەمەش کارێکی مەترسیدارە.

ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی مانگێکە هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتی لە عێراق کشاونەتەوە، بەمەش هیچ بیانویەک نەماوە بۆ هێرش کردنە سەر بنکەسەربازی و دامەزراوەکانی حکومەت و ناوچە مەدەنییەکان.

ئاشکراشی کرد، هێزە ئەمنییەکان لە ئێستادا وەک کردەوەی تیرۆرستی مامەڵە لەگەڵ هێرشەکاندا دەکەن، بۆ ئەمەش رێوشوینی توندیان گرتووەتەبەر بەئامانجی رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان.

هەروەها، ئەو ئەفسەرە پلە باڵایە، هیج لایەن و سروشتی هیچ گروپێکی دەستنیشان نەکرد کەلە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانەوەن.

بەشێک لەولایەنانەی پشتگیری لە گروپە چەکدارەکان دەکەن دەڵێن، هێشتا ئەمریکا وەک داگیرکار لە وڵاتدا ماوەتەوە و هەژموونی هەیە، ئەمەش بیانوییەکی باش و گونجاوە بۆ بەردەوامی هێرشەکان.

لەلایکەی دیکەوە، هەندێ لە هێزە سیاسییەکانی دیکە، ئەو لایەنانە تۆمەتباردەکەن بەوەی لەپشت هێرشەکانەوەن کەلە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەرکەوتوونەبوون.

مامۆستایەکی پسپۆڕ لە کاروباری ستراتیجی لە زانکۆی نەهرەین بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی راگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گروپەکان چیدیکە بیانوویان نەماوە تا درێژە بە هێرشەکانیان بدەن، بەڵان ئەوان لە ئێستادا لە هێرشەکانیاندا پێگە و ناوچە و دامەزراوە مەدەنییەکان بە ئامانج دەگرن.













گەلەری