سەردێڕ:

چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی حکومییەوە

PM:06:56:18/01/2022

10944 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری نوێی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی حکومی و ماتۆرسکیل راگەیاند و دەڵێت، هەرکەسێکیش هەواڵیان پێبدات لەبارەی سەرپێچییەکان، پاداشت دەکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، تارق ئیسماعیل بەڕێوەبەری هاتوچۆی گشتی عێراق لە لێوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق رایگەیاندووە، چیتر نابێ لەدوای کاتی فەرمی دەوامی فەرمانگەکانەوە هاتوچۆ بە ئۆتۆمبێلی حکومی بکرێت.

دەشڵێت، "ئەگەر هەر کەسێک پێشێلی ئەو بڕیارە بکات ئەوا سزا دەدرێت و بەپێی یاسا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، تەنها لە دۆخێکدا نەبێت کە نووسراوی فەرمییان پێبێت بیسەلمێنێت بۆ کارێک لە دەرەوەن بە ئۆتۆمبێلەکە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکادا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو کەسانەی ماتۆڕسکیل بەکاردەهێنن دەتوانن تەنها یەک سەرنشین هەڵبگرن و نابێت لە دوو کەس زیاتر لەسەر ماتۆڕەکە بێت.

وتیشی، پاداشتێکیان داناوە بۆ ئەو کەسانەی ئاگاداریان دەکەنەوە لە هەبوونی هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو.

باسی لەوەشکرد، دوکانەکان و شوێنە بازرگانییەکان ناچارکراون بەدانانی کامێرای چاودێری لە شوێنی کارەکانیان.













گەلەری