سەردێڕ:

لە کفری هاتوچۆی ماتۆڕسکیل قەدەغەکرا

PM:11:25:29/11/2021

7960 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی ئەمشەو چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، قائیمقامییەتی قەزای کفری رایگەیاند، "ئاگاداری سەرجەم دانیشتوانی قەزای کفری دەکەین جوڵەی ماتۆڕ قەدەغەیە لەبەر ئەمنیەت و ئاسایشی سنورەکە".


لەراگەیەندراوەکەی قائیمقامییەتی قەزای کفریدا هاتووە، "هەر کەسێک سەرپێچی بکات دەستگیر دەکرێت هەتا کاتژمێر هەشتی بەیانی".

ئەمشەو، ژمارەیەک چەکداری داعش لە سنووری قەزای کفری هێرشیانکردە سەر هێزەکانی لیوای نۆی پیادەی سەر بە پێشمەرگە، سامان سەرتیپ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "تا ئێستا پێشمەرگەیەک شەهید بووە و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون".

گەرمیان حەمەی پوور پەیامنێری ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا شەڕ لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەدکارانی داعشدا لە چوار سەنگەری پێشمەرگە کە "هێزەکانی لیوای نۆی پیادەی سلێمانی سەر بە هێزەکانی پێشمەرگە هەیە" لەو ناوچەیە بەردەوامە.

خەسرەو قادر پێشمەرگە لە سنووری قەزای کفری بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بەهۆی پەلامارەکەوە شەهیدێکمان هەیە و ژمارەیەک برینداریشمان هەیە". وتیشی، "چەکدارانی داعش چەکی قەناسیان پێیە و بە چەند ماتۆڕسکیلێک هاتوونەتە ناوچەکە".

قائیمقامییەتی قەزای کفریش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، " ئاگاداری سەرجەم دانیشتوانی قەزای کفری دەکەین جوڵەی ماتۆڕ قەدەغەیە لەبەر ئەمنیەت و ئاسایشی سنورەکە؛ هەر کەسێک سەرپێچی بکات دەستگیر دەکرێت هەتا کاتژمێر (٨)ی بەیانی".

ئەو پێشمەرگەیە لە سەنگەری هێزەکانی پێشمەرگە لە کفری کە ئەمشەو هێرشی کرایەسەر ئەوەشی وت، "بۆشایییەکی ئەمنیی زۆر لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە"، وتیشی، "هیچ هەماهەنگییەکیان لەگەڵ سوپای عێراقدا نییە".

سامان سەرتیپ بەڕێوەبەری نەخشخانەی شەهید خالید گەرمیانی ئاماژەی بەوەشکرد، چوار بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان و بەهۆی سەختی برینەکەشییەوە یەکێک لە بریندارەکان شەهید بووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە گەرمیان رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیانکردووەتەسەر هێزەکانی لیوای نۆی پێشمەرگە لەسنووری بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای کفری.

گەرمیان حەمەی پوور ئەوەشی خستەڕوو، قائیمقامییەتی قەزای کەلار هەموو هاتوچۆیەکی ماتۆڕسکیلی لەناو قەزای کەلار قەدەغەکرد.

هێرشەکە پاش کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو بووە و تا ئێستاش ئاماریی زیانە گیانییەکانی گرووپی چەکداری داعش نازانرێت.

پێشـمەرگەیەک لە شوێنی شەڕەکەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی پەلامارەکەی ئەو ژمارە چەکدارەوە تا ئێستا پێشمەرگەیەک بە ناوی "محەمەد مەنسوور" لە لیوای نۆی پیادەی سلێمانی گیانی لەدەستداوە و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە گەرمیان، لە ئێستادا شەڕ لە نێوان ئەو ژمارە چەکدارە و هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە بەردەوامە و بریندار لە ریزی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوونی هەیە.

تایبەت بە رووداوەکەش، سامان سەرتیب بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لەكفری بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، "تا ئێستا سێ بریندار هێنراوە بۆ نەخۆشخانەكەمان و دواتر لەوێ دەركراون و زانیاری كۆتاییش بەردەست نیە".

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو لە ناحیەى کوڵەجۆى گەرمیان داعش هێرشیکردەسەر سەنگەرەکانى پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ هێزەکان رۆشتووە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.













گەلەری