سەردێڕ:

لە سبەینێوە دابەشکردنی موچە دەستپێدەکات

PM:12:50:24/11/2021

14364 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ٢٥ی ئەم مانگە موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت.


وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی نوێی دابەشکردنی موچەی راگەیاند و تیایدا هاتووە، ٢٥ی ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت، موچەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بە هەمان میکانیزمی پێشوو و بەبێ لێبڕین وەردەگرن.

وەزارەتی دارایی هێشتا لیستی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لیستی موچە هاوشێوەی مانگەکانی دیکە دەبێت و ناگۆڕدرێت.

لەبارەی ٢٠٠ ملیارەکەشەوە، لە مانگی رابردوودا، پەرلەمانتارێکی پێشووی عیراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە بە ئەگەری زۆرەوە پێدەچێت عێراق پابەند بیت بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانەی هەرێمەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی نوێ پێکدەهێندرێت.

ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم، لە مانگی تەمموزدا لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڕیاری لەسەردرا، کە وەک سولفەیەکی مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت و وەک موچە بە هاوتای داهاتەکانی وەزارەتی دارایی بەسەر موچەخۆراندا دابەشبکرێت.

حکومەتی هەرێم لە چەند مانگی رابردوودا بڕیاریدا هەموو مانگێک لە ٢٥ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی موچە بکات بەبێ لێبڕین، بەڵام چەند مانگێکە بە بیانووی کەمی داهات و دواکەوتنی گەڕانەوەی داهات بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی و دواکەوتنی گەیشتنی ٢٠٠ ملیارەکە، حکومەت موچە دابەشکردن دوادەخات و بە ماوەی ١٥ رۆژ و زیاتر موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکات.

هـ.ئـ













گەلەری