سەردێڕ:

وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی وەزیری بەرگریی توركیای دایەوە

AM:11:20:21/11/2021

21564 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزیری بەرگریی توركیا وتی، نە کوردستان نە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، لە وەڵامدا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "خلوسی ئاكار خۆشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێمان ناڵێت ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە؟"


لە چەند رۆژی رابردوودا، لەکاتی کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی پلان و بودجەی تورکیا خلوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا وتی، "لە ناوەوە و لە دەرەوە تورکیاشدا هیچ جوگرافیایەک بە ناوی کوردستان بوونی نییە"، لە وەڵامدا گارۆ پایلان پەرلەمانتاری هەدەپە پێی دەڵێت، "تەنانەت هەرێمی کوردستانیش بوونی نییە"، خلوسی ئاكار لە وەڵامدا دەڵێت، "نەخێر نەخێر."

لە وەڵامی قسەکانی وەزیری بەرگریی توركیادا، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "وتەكانی خلوسی ئاكار لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێک لە پێگەیەكی فەرمی دەوڵەتدا رێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژویی و دیموگرافی و جیوگرافی بكات كە لە راستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو وەزیرە خۆشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێمان ناڵێ ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی چییە؟"

باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر ئەم وەزیرە لە بوونی جوگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێک لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە ئینجا بۆی دەردەكەوێ كوردستان هەیە یان نییە، عەقڵیەتی ئینكاركردنی میللەتێک و جوگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێک ناگات."

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا هیچ کام لە سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو قسەیەی وەزیری بەرگری تورکیایان نەداوەتەوە و بێدەنگن.

لە ٢٠ی مانگی ١ی ئەمساڵدا خولوسی ئاکار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حزبی و حکومیدا کۆبووەوە و وتی، "هەماهەنگییەکانی ئەنقەرە و هەولێر رۆڵێکی زۆر گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەدا دەبێت."













گەلەری

‌بەپەلە