سەردێڕ:

دوای دەستگیرکردنی لەلایەن تاڵیبانەوە، رۆژنامەنووسێکی کورد ئازاد کرا

PM:05:33:19/11/2021

5940 جار خوێندراوەتەوە

فۆتۆگرافەر و رۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی بانەى رۆژهەڵاتى کوردستان کە بۆ وێنەگرتن و ئامادەکردنی راپۆرت چووبووە وڵاتی ئەفغانستان و لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەرکرا، ئەمڕۆ ئازادکرا.


ئەمرۆ هەینی، ئیبراهیم عەلی پوور فۆتۆگرافەر و رۆژنامەنووسی خەڵکی بانە و ئەندامی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی فۆتۆگرافەران لە شارى کابۆڵی پایتەختی ئەفغانستان لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە ئازاد کرا.

ئیبراهیم عەلیپوور لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، "مانەوەم لە زینداندا بۆ ماوەی پێنج رۆژ، بە ٥٠ ساڵ تێپەڕیووە."

ئاماژەی بەوەشداوە، سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکات لەکاتی دەستگیرکردنیدا هەواڵییان پرسیوە و بۆ ئازاد کردنیشی هەوڵێکی زۆریانداوە، دەشڵێت، "منەتباری هەموو لایەکتانم و هەرگیز ئەمەم بیرناچێتەوە."

ئەو فۆتۆگرافەر و رۆژنامەنووسە لەگەڵ دانانی وێنەیەکی خۆیی، هاشتاگی "وێنەگرتنی ئازاد تاوان نییە" بڵاوکردووەتەوە.

رۆژی ١٦ى ئەم مانگە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە رۆژهەڵاتى کوردستان بڵاویکردەوە، ئیبراهیم عەلیپوور فۆتۆگرافەر و رۆژنامەنووسی خەڵکی بانە و ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی فۆتۆگرافەران لە شارى کابۆڵی پایتەختی ئەفغانستان، لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئیبراهیم عەلیپوور تا ئێستا چەندین پێشانگای فۆتۆگرافى هاوبەش و تاکە کەسی لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵات و ئێران و هەروەها لە وڵاتانی جیهانى ئەنجامداوە.

کـ.ئـ














گەلەری