سەردێڕ:

ماڵپەڕێکی ئەمەریکی: چاکسازی و ریفۆرمی سیاسی لە هەرێمى کوردستاندا بوونی نییە

PM:03:26:19/11/2021

6628 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بۆملبێرگی ئەمەریکی لەبارەى هۆکارەکانى کۆچى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بۆ دەرەوە رایگەیاند "چاکسازی و ریفۆرمی سیاسی لەهەرێمەکەدا بوونی نییە، هەژموونی خێڵ و بنەماڵە زاڵە بەسەر ژینگەی سیاسیی هەرێمەکەدا".


ماڵپەرى بلۆمبێرگى ئەمەریکى لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوە کردووە "هەرچەندە هاوڵاتیانی کورد لەدەست دیکتاتۆرێکی وەک بەشار ئەسەد و رژێمێکی وەک تاڵیبان کۆچ ناکەن، بەڵکو ئەوان نیگەرانن لە "شکستی سەرکردەکانیان بۆ هێنانەدی بەڵێنەکانی دوای ٢٠٠٣".

ئەوەش هاتووە، ئابووری هەرێم بەرێژەیەکی بەرچاو پشتی بەستووە بە بەرهەمهێنانی نەوت و سامانی سروشتی، لەساڵی ٢٠١٤شەوە، قەیرانی سەختی ئابووری رووی لە وڵاتەکە کردووە، تەنانەت بێکاری زۆر کەسی ناچار کردووە کە شارەکان بەجێبهێڵن و دەستبکەنەوە بە کشتوکاڵ.

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی بلۆمبێرگدا هاتووە "چاکسازی و ریفۆرمی سیاسی لەهەرێمەکەدا بوونی نییە، هەژموونی خێڵ و بنەماڵە زاڵە بەسەر ژینگەی سیاسیی هەرێمەکەدا، حکومەتی هەولێر زیاتر بەرەو دەسەڵاتێکی تاکڕەوی هەنگاو دەنێت، سزای زیندانیکردنی ئەو کەسانە دەدات کە ناڕازین و بیروڕای جیاوازیان هەیە، پێشێلکاریی و هەوڵی قەدەغەکردنی میدیاش دەدات".

ئاماژە بەوەش کراوە "هەواڵی هەبوونی هەزاران کوردی عێراقی لە نێو کۆچبەرەکانی سەر سنووری نێوان بیلارووسیا و پۆڵەندا، بۆ زۆرێک لە ئەمەریکیی و ئەوروپییەکان مایەی سەرسوڕمان بوو، چونکە هەرێمی کوردستانی عێراق وەک وڵاتێکی خۆشگوزەرانتر لە ناوچەکەدا ناودەهێنرا و بەشێوەیەکی بەرچاویش، پاڵپشتی رۆژئاوای هەبوو".

راپۆرتەکەی بلۆمبێرگ ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دووچاری شەڕ و خوێنڕشتنێکی بەردەوام بوونەوە، بەڵام پارێزگاکانی باکوور کە لەژێر دەستی حکومەتی هەرێمدابوون، گەشەسەندنێکی بەرچاوی ئابوورییان بەخۆیانەوە بینی، سەرمایەیەکی زۆری بەهۆی داهاتی نەوتەوە دەستکەوت، وادەردەکەوت کە ژینگەی سیاسیی هەرێمەکە دوورە لە هەر توندوتیژییەک، هەرێمەکە لەسەرانسەری جیهانەوە وەبەرهێنی دەهێنا و هەرێمەکە بە دوبەی بەراورد دەکرا.

هاوکات، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە راپۆرتە جیهانییەکان دەکات و دەڵێت، "زۆربەی کۆچبەرە کوردەکان تێپەڕبوون بە زستانی سارد و سەختتدا بەباشتر دەزانن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان".

راپۆرتەکە لە کاتێکدایە کە ئێوارەى دوێنێ پینجشەممە، ژمارەیەک کۆچبەر لە بیلاڕوسیاوە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەغدا و هێشتا ژمارەیەکى زۆرى کۆچبەرانى هەرێمى کوردستان لەو سنورە لە کەمپەکان ماونەتەوە و بڕیارى گەڕانەوەیان نەداوە و بەئومێدى تێپەڕینى سنورى پۆڵەندان بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا دروستبووە و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش سەرۆکی بیلاڕوسیا تۆمەتبار دەکەن بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژی یەکێتییەکە دوای ئەوەی سزایان بەسەردا سەپاندووە.













گەلەری