سەردێڕ:

عێراق یەکەم گەشتى بۆ گەڕاندنەوەى کۆچبەرە گیرخواردووەکانى بێلارووس دیارى کرد

AM:10:16:15/11/2021

6616 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا وادەى ئەنجامدانى یەکەم گەشتى بۆ گەراندنەوەى ئارەزوومەندانەى کۆچبەرە گیرخواردووەکانى سنورى بێلارووس و پۆڵەندا، دیارى کرد.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتى دەرەوەى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد کە لە رۆژى پێنجشەممە ١٨ى تشرینى دووەمى ٢٠٢١دا یەکەم گەشت بۆ گەڕاندنەوەى کۆچبەرە گیرخواردووەکانى سنورى بێلارووس و پۆڵەندا ئەنجام دەدات.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنى لەگەڵ کەناڵی ئەلئیخبارییەی عێراق، ئاماژەى بەوە کرد "وەزارەتی دەرەوەی عیراق ٥٧١ کۆچبەری عێراقی لە سنورەکانی بێلارووس تۆمارکردووە کە بەسەر هەشت کەمپدا دابەشبوون".

وتیشى "بەهۆی ئەوەی سنوری بێلارووس ٦٨٠ کیلۆمەتر درێژە ئاسان نییە بەوردی بزانن ژمارەی راستەقینەی کۆچبەرە عێراقییەکان چەندە کە گەیشتوونەتە سنوری ئەو وڵاتە".

لەبارەی ئەو دەروازانەی کۆچبەرە عێراقییەکان لێیانەوە گەیشتوونەتە بێلارووس، ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەدا، لە رێگەی تورکیا و ئیمارات و قەتەر و میسرەوە رۆیشتوون.

وتیشی، تورکیا دەستی کردووە بەڕێگریکردن لە گەشتکردنی کۆچبەرانی عێراق بەرەو بێلارووس.

لەبارەی گێڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناوخۆی وڵات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، لە رێکەوتی ١٨ی ئەم مانگە یەکەم گەشتی گێڕانەوەی کۆچبەرانی وڵات لە بێلارووسەوە بەرەو وڵات دەستپێدەکات.

دەشڵێت، "ئێمە لەگەڵ گێڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەرانین بۆ وڵات و هۆشداریش دەدەین لە فریودانی هاوڵاتییان لەلایەن ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای زۆربوونی ژمارەی کۆچبەرانی عێراقی لەسەر سنورەکانی بێلارووس و پۆڵەندا و سەرهەڵدانی گرژی لە نێوان بێلارووس و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی لێشاوی کۆچبەران و داخستنی دەروازەکان و سەختبوونی ژیانی کۆچبەران لەسەر سنورەکان، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە شێوەی ئارەزوومەندانە ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنێتەوە وڵات کە خوازیاری گەڕانەوەن.














گەلەری