سەردێڕ:

لەپێناو بەرهەمهێنانی کارەبا؛ ئەمریکا یارمەتی عێراق دەدات بۆ کەمردنەوەی بەفیڕۆچوونی غاز

PM:05:17:17/04/2024

736 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا دوو رێککەوتن واژۆ کراون کە بەپێی ئەو رێککەوتنانە ئەمریکا یارمەتی عێراق دەدات لە کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی غاز لەپێناو بەکارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.


بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق، لە کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دوو رێککەوتن واژۆ کراون سەبارەت بە کۆکردنەوەی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی ئەو دوو رێککەوتنامەیە ئەمریکا یارمەتی عێراق دەدات لە کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی غاز لەپێناو بەکارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

ئەوەش خراوەتە روو، رێگە بە عێراق دەدرێت سوود لە تەکنەلۆژیا و شارەزاییە پێشەنگەکانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا وەربگرێت بۆ بەرەو پێشبردن و گەشەپێدانی وڵات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا عێراق ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٨ سووتانی و بەفیڕۆچوونی غاز کۆتایی پێبهێنێت، هەروەها بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڕی ١٧ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی عێراق سوتاوە و بەفیڕۆ چووە، ئەوەش دوای روسیاوە دووەم بەرزترین بڕە لە ئاستی جیهانیدا.

هەروەها، عێراق ئامانجی خۆبژێوی وزەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ و کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە کارەبا و غازی ئێران.













گەلەری