سەردێڕ:

عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ دوبەی راگرت

PM:01:56:17/04/2024

5136 جار خوێندراوەتەوە

هێڵی ئاسمانیی عێراقی رایگەیاند، بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە، گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی دوبەی راگرتووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، هێڵی ئاسمانیی عێراقیی، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی راگرتووە.

راگرتنی گەشتەکان لەکاتێکدایە، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین بەشێک لە وڵاتانی کەنداوی گرتەوە و کەشناسی ئیمارات رایگەیاند، لە ماوەی ٣٨ کاتژمێردا زیاتر لە ٢٥٥ ملم باران باریوە کە لە ماوەی ٧٠ ساڵدا بارانی لەو شێوەیە لە وڵاتەکەدا نەباریوە.

هەر بەهۆی بارانبارینەکەوە، لافاو لە دوبەی دروست بووە و بەهۆیەوە بەشێکی زۆری گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی شارەکە هەڵوەشاونەتەوە.

شەپۆلى بارانبارینەکە سەرەتا عومانى گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین شوێنى گشتى و بیناى حکومەت ژێرئاو کەوتوون، دواتریش شەپۆلەکە گەیشتە ئیمارات و سعودیە و زەرەر و زیانێکی زۆری بەو دوو وڵاتەش گەیاندووە.













گەلەری