سەردێڕ:

ئەندامێکی شاندەکەی عێراق لە ئەمریکا: نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت

PM:11:57:16/04/2024

20924 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی شاندەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمریکا رایگەیاند، سەردانەکەی سودانی بۆ واشنتۆن دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە بواری داراییدا و رێکارەکان بەرەو کۆنترۆڵی تەواوی نرخی دۆلار دەڕۆن و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو نرخی دۆلار روو لە دابەزین بکات.


ئەمڕۆ سێشەممە، عائد هیلالی ئەندامی شاندەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمریکا رایگەیاند، سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، مژدەیەکی زۆری بۆ گەلی عێراق هەڵگرتووە، بەو پێیەی توانی دەستکەوتی زۆر بەدەستبهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کارانەی حکومەتی عێراق لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و رێگری کردن لە بەقاچاخبردنی دۆلار کردوویەتی، لەلایەن ئەمریکاوە لەبەرچاو گیراوە و لە قۆناغی داهاتوودا ئەمریکا دەست دەکات بە یارمەتیدانی عێراق لەو کارانەدا.

ئەوەشی خستە روو، رێکارەکان بەرەو کۆنترۆڵی تەواوی نرخی دۆلار دەڕۆن و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو نرخی دۆلار روو لە دابەزین بکات.

باسی لەوەش کرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی لە پەرەپێدانی کەرتی بانکیدا بەرز نرخاندووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر بانکە ئەهلیەکانی عێراق دەرنەچووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکادا هەردوولا پابەندی خۆیان دوپاتکردەوە بۆ بە بەردەوامیدان بە چاکسازی دارایی لە عێراق و بڕیاریاندا هاوکارییە داراییەکان نێوان هەردوو وڵات زیاتر بکەن.













گەلەری