سەردێڕ:

پارێزگاری هەولێر: چەند کەسێك لەسەر سوتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەستگیرکراون

PM:04:38:16/04/2024

4548 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر سکاڵای بەشێک لە دوکاندارانی بازاڕی لەنگە چەند کەسێک بە تۆمەتی سوتانی بازاڕەکە دەستگیرکراون.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژی یەکشەممەوە چەند کەسێك بە تۆمەتی سوتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەستگیرکراون.

لە ٣ـی نیسانی ئەمساڵ جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەوە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، جگە لەوەی لە ساڵانی رابردووشدا زوو زوو ئاگر لە لەنگەی هەولێر کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی گەیاندنی زیانێکی زۆر بە هاوڵاتییان و کاسبکارانی بازاڕەکە.

لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە سێ جار ئاگر لە بازاڕى لەنگە لە هەولیر کەوتوەتەوە و تێیدا سەدان کاسبکار زەرەرمەندبوون، چەند بارەبوونەوەى ئاگرکەوتنەکان گومانى لای خاوەن دوکانەکان دروستکردووە بەجۆرێک پییان وایە دەستێک لەپشت ئاگرکەوتنەوەکانەوەن.

کاسبکارانی ئەو بازاڕە دەڵێن، گومانی ئەوە دەکەن دەستێک لە پشتی ڕوداوەکانەوە هەبێت و بیانەوێت دوکانەکانیان پێچۆڵبکەن، باس لەوەش دەکەن، گومانەکانیان لەوەوە دەستی پێکردووە کە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکەدا زۆر بووە و بەردەوام بەوهۆیەوە زیانیان پێدەگات و دەشڵێن، "گومانمان هەیە دەستێک لە پشتی روووداوەکانەوە هەبێت و بیانەوێت دوکانەکانمان پێچۆڵبکەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە هەرێم یاسایەک بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانى کارەساتە سروشتی و رووداوە نەخوازراوەکان دانەنراوە و لە ماوەی رابردووشدا قەرەبوو نەکراونەتەوە.

هێرش قادر- هەولێر 












گەلەری