سەردێڕ:

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا و فەرەنسا: بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەت دەبێت هەڵبژاردن بکرێت

PM:03:57:16/04/2024

2224 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەت و پڕۆسەی دیموکراسی، پێویستە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، "گرنگ و پێویستە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت".

لەلایەکی دیکەشەوە، پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق رایگەیاند، جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا و بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان دەکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

هاوکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام نەدرێت، ئەوا مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات.

مانگی شەشی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و فشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش لەسەر لایەنەکانی دەسەڵاتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.













گەلەری