سەردێڕ:

دەستەی گومرگەکانی عێراق: لە سێ مانگی رابردوو داهاتی گومرگ ١٢٠٪ زیادى کردووە

PM:02:29:16/04/2024

688 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی چاکسازییە داراییەکانەوە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ داهاتی گومرگی عێراق گەیشتووەتە ٤٧١ ملیار دینار، کە ئەوەش بەرزترین رێژەیە بە درێژایی ١٠ ساڵی رابردووی دەستەکەیان.


حەسەن حەمود عەکیلی سەرۆکی دەستەی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی چاکسازییە داراییەکان و چاودێری و رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لەگەڵ پەرەسەندنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە پێنج ناوەندی وشکانی و دەریایی، داهاتی گومرگیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا داهاتی گومرگی عێراق گەیشتووەتە ٤٧١ ملیار دینار، کە ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ١٢٠٪ زیادی کردووە، بەو پێیەی لە ساڵی رابردوو داهاتی چارەکی یەکەم ٢٥٧ ملیار دینار بووە.

هاوکات، جەختی کردەوە لە پابەندبوونی دەسەڵاتی هەرێم بە سیستەمی گومرگی فیدڕاڵی و رایگەیاند، پێویستە هەرێم رێگری لە گواستنەوەی کاڵای قاچاخبکات و پابەند بێت بە سیستەمی دارایی و داهاتە فیدڕاڵییەکان بۆ پاراستنی کاڵا و بەرهەمە نیشتمانییەکان.

وتیشی، لە مانگی داهاتوودا ژمارەی ئەو ناوەندانە زیاد دەکەن کە بە سیستمی ئەلیکترۆنی کاردەکەن و دەبن بە نۆ ناوەند بە وشکانی و دەریاییەوە.













گەلەری