سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ: هیچ لایەنێک هێندەی نەوەی نوێ ئامادەی هەڵبژاردن نییە

PM:01:47:16/04/2024

1312 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هیچ لایەنێک نییە بە ئەندازەی نەوەی نوێ ویستی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت و ئەوان وەک نەوەی نوێ هەموو هەوڵێک دەدەن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت. دەشڵێت، "هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو بابەتی مووچە بە یەکجاریی چارەسەر بکرێت و نەبێتەوە بە هەواڵ".


ئەمڕۆ سێشەممە، ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا دابەش بکرێت و لەگەڵ مووچەخۆرانی عێراق مانگانە مووچە وەر بگرن.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی و یەکێتی و حکومەتی کاربەڕێکەر هۆکاری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانن و هەر کەموکورتییەک هەبێت لە ئەوانەوەیە، بەڵام دڵنیایی دەدەن کە ئەوان وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو بابەتی مووچە نەبێتەوە هەواڵ.

باسی لەوەش کرد، هاوڵاتیانی هەرێم مافی خۆیانە کە مووچەکانیان بۆ هاوتا بکرێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق هەربۆیە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و عێراق هاوتا بکرێنەوە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سودانی و سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستە روو، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و سودانی لە کۆشکی سپی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی تاوتوێ کراوە و پێشوازی لەوە کراوە کە ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆران بەردەوام بێت تاوەکو مووچەخۆرانی هەرێم نەبنە قوربانی بەدەست یەکێتی و پارتییەوە. وتیشی، "گرنگە لەکۆشکی سپییەوە باسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکرێت".

راشیگەیاند، هێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ عێراق و دامەزراندنی بنەمایەکی پتەو بە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان رێخۆشکەر دەبێت بۆ هێنانی کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی وەبەرهێنان دەبێت.













گەلەری