سەردێڕ:

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی: لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەدا چاوەڕوانی پارەی بەغدا دەکەین

AM:10:38:16/04/2024

14292 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ١٨ـی مانگی لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەکەن و لەگەڵ ناردنی لیستەکەدا چاوەڕوانی ناردنی پارە لە بەغداوە دەکەن. دەشڵێت، " لەگەڵ گەیشتنی پارە لە بەغداوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەکەین".


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەمانەوێت ١٨ـی مانگ لیستی مووچەی مانگی چوار بۆ بەغدا بنێرین بۆ ئەوەی لەگەڵ عێراق مووچە دابەش بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ناردنی لیستەکەشدا چاوەڕوان دەکرێت لە بەغداوە پارە بۆ هەرێم بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران بکرێت.

باسی لەوەش کرد، داوایان لە سەرجەم وەزارەتەکان کردووە لیستی مووچەی مانگی پێنج بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادە بکەن، لە ئێستادا بەشێک لە وەزارەتەکان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لیستی مووچەی مانگی پێنجیان بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادە کردووە بەڵام هێشتا رادەستی وەزارەتی داراییان نەکردووە.

وتیشی، "ئەو وەزارەتانەی کە ماون ئاگادار کراونەتەوە کارەکانیان خێراتر بکەن بۆ ئەوەی تا رۆژی ١ـی مانگی ئادار لیستی مووچە بە پلەبەزرکردنەوەوە ئامادە بکەن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، قۆناغەکانی ئامادەکردنی لیستی پلەبەرزکردنەوە بەرەو کۆتاییە و لە سەرەتای مانگی پێنجەوە پلەبەرزکردنەوە دەبەسترێت و تاوەکو کاتی ناردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بۆ بەغدا، هەموو کارەکان تەواو دەکرێت.

لەبارەی پارەی پلەبەرزکردنەوەکانی ساڵانی ٢٠١٥ تاوەکو ٢٠٢٤ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پارەیە لە ئەستۆی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمە، بەڵام لە ئێستادا هەموو پارەکە نادات و تەنها پلەبەرزکردنەوەی مانگی پێنج بۆ مووچەخۆران خەرج دەکرێت.

 

هێرش قادر – هەولێر













گەلەری