سەردێڕ:

سەرۆکی ئەمریکا: پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین

AM:08:25:16/04/2024

3548 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوودا سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. دەشڵێت، " پشتگیری چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەین".


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی رایگەیاند، پشتگیری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و پێویستە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئازاد و شەفافانە ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق.

سەبارەت بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش باسی لەوە کرد، ئەوان پشتگیری چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆران دەکەن. وتیشی، " دەبێت پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام بێت".

هاوکات، ئەوە بۆ یەکەم جارە لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوودا سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژرادنی پەرلەمانی کوردستان بکاتەوە و پشتگیری خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن رابگەیەنێت.

دوێنێ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و سەرجەم کەرتە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تاوتوێ کرا.

هاوکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام نەدرێت، ئەوا مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگی شەشی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و فشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش لەسەر لایەنەکانی دەسەڵاتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.














گەلەری