دوای دوو رۆژ لە خۆپیشاندان، لە ژیر فشاری خۆپیشاندەرانی بالیسان حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بە پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگای بالیسان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، پاش دوو رۆژ لە بەردەوامی بەشێک لە دانیشتوانی بالیسان لە خۆپیشاندان، حکومەتی کاربەڕێکەری دەستی کرد بە قیرتاوکردنی رێگای بالیسان.
خۆپیشاندەرانی بالیسان باس لەوە دەکەن، نزیکەی ٥٥ گوندن و رێگاوبانی
گوندەکانیان ئەوەندە خراپە ئۆتۆمبێلەکانیان خراپ بووە . دەشڵێن، "حکومەت ماوەی
ساڵێکە رێگاکەمانی هەڵکەندووە و تا ئێستا قیرتاوی نەکردووەتەوە".
ئەو هاوڵاتییانە دەشڵێن، ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەر مانگانە کەمتر لە
دوو کیلۆمەتری تەواو بکردایە، ئەوا بە یەکجاریی پڕۆژەکە تەواو دەبوو، بەڵام قیرەکەیان
هەڵکەندووە و بەجێهێڵدراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رێگای بالیسان ٢٣ کیلۆمەترە درێژە و ناوچەکانی ئیدارەی
راپەڕین دەبەستێتەوە بە شەقڵاوەوە، جگە لە هاوڵاتییان، رۆژانە سەدان ئۆتۆمبێلی
بارهەڵگر بەم رێگایەدا هاتوچۆ دەکەن.