سەردێڕ:

راوێژکاری دارایی سودانی: پلانی چاکسازی بانکە حکومییەکان دەستی پێکردووە

PM:08:04:11/04/2024

876 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی گرنگی زۆر بە چاکسازی بانکە حکومی و ناحکومەییەکان دەدات و پلانی چاکسازی لە بانکە حکومییەکان دەستی پێکردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزهەر محەمەد راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، بازاڕی بانکی لە عێراقدا دابەشبوونێکی گەورەی تێدایە و سەرمایەی بانکە ناحکومییەکان ٧٨٪ـە و سەرمایەی بانکە حکومییەکانیش ٢٢٪ـە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ٨٥٪ـی چالاکییە بانکییەکان لەژێر دەسەڵاتی بانکە حکومییەکاندایە و ١٥٪ـی چالاکییەکانیش لای بانکە ناحکومەییەکانن و ٢٩ لەو بانکانەش بەهۆی سەرپێچێ یاساکانەوە لە رابردوودا بێبەشبوون لە مامەڵەکردن بە دراوە بیانییەکانەوە.

ئەوەشی خستە روو، چاکسازی لە کەرتی بانکی حکومی و ناحکومەیدا لە کارە لەپێشێنەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە و پلانێکیان بۆ چاکسازی لە بانکە ناحکومییەکاندا داناوە ە دەستیان بە جێبەجێکردنی کردووە.

راشیگەیاند، سەرۆک وەزیران پاڵپشتی بانکە ئەهلییەکانیش دەکات بە مەرجێک بەپێی یاسا کاربکەن و پلانێکیان بۆ چاکسازی لە بانکە ئەهلییەکاندا هەیە کە بەم زوانە جێبەجێی دەکەن.

چاکسازی لە بانکەکاندا لە کاتێکدایە، چاوگێک لە بانکی ناوەندیی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوەی نوێنەرایەتی بانکەکە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر بانکە سزادراوەکانی عێراق، گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەتوانن لەمەودوا مامەڵەیی حەواڵەی دەرەکی ئەنجام بدەن. وتیشی، "ئەنجوومەنی چاودێریی دارایی بانکە سزادراوەکان دروست دەکەین کە ٣٢ بانکەکەی تێدا دەبێت و رۆژانە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە چاودێریان دەکرێت".













گەلەری