سەردێڕ:

ئۆپیک: لە ساڵی داهاتوو خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات

PM:04:34:11/04/2024

632 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت وەک خۆی دەمێنێتەوە و زیاد ناکات، بەڵام پێشبینی دەکەن لە ساڵی داهاتوودا خواست ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی ئۆپیک ئاماری مانگی نیسانی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لەمساڵدا خواست لەسەر نەوت گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و بە ٢.٢ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دەمێنێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، پێشبینی دەکەن لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا خواست لەسەر نەوت بە ١.٨ ملیۆن بەرمیل بۆ هەر رۆژێک زیاد بکات.

باس لەوەش کراوە، پێشبینی دەکەن بەرهەمهێنانی نەوت لە دەرەوەی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بکاتە ١.٢ ملیۆن بەرمیل و پێشبینی دەکەن نرخی نەوت زیاتر بەرزببێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئۆپیک پڵەس وڵاتانی ئەندامی پابەندکردووە بە کەمکردنەوەی بەهەمهێنانی نەوت و عێراق و روسیا و وڵاتانی دیکەی ئەندامیش پابەندی خۆیان بۆ بڕیارەکە دووپاتکردەوە ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرزی نرخی نەوت دروست کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ناوەندی کارگێڕی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ئاستی وەبەرهێنانی نەوت بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە، بەرێژەی ٦.٢٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و شرۆڤەکارانی نەوتیش دەڵێن، ئەو دابەزینە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

هۆکارێکی تری پاڵنەری مانەوەی نرخی نەوت لە بەرزیدا، دووبارە بە ئامانجگرتن و تەقاندنەوەی کەشتیە نەوتیەکان بوو لەلایەن گروپە چەکدارەکان و لەهەمان کاتیشدا هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆسەر کەشتییە نەوتی و کێڵگە نەوتییەکانی روسیا یەکێکی تر بووە لە هۆکارەکان کە نرخی نەوتی بۆ سەروو ٨٩ دۆلار بەرز کردەوە.













گەلەری