سەردێڕ:

فرۆشی بانکی ناوەندی بەرزترین ئاستی ساڵانەیی تۆمار کردووە

PM:01:35:10/04/2024

6772 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژی فرۆشی دۆلار لە سەرەتای مانگی نیساندا زیاتر لە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بە شێوەی کاش و حەواڵە فرۆشراوە، لەو رێژەیەش ٩٦.٧٪ بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە. دەشڵێت، "فرۆشی دۆلار هاوکاری بازرگانان و رێکخستنی هەڵاوسانی ناوخۆیی دەکات".


ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی تایبەتی خستنەڕووی فرۆشی دۆلار رایگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژی خستنەڕووی دۆلاری کاش و حەواڵە لەلایەن گەشتیاران و حەوت بانکی ناوخۆییەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی یەک ملیار و ٢٦٧ ملیۆن و ٢١١ هەزار و ٤٠٢ دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەش کراوە، کە ئەوەش بەرزترین ئاستی فرۆشی هەفتانە بووە لە ساڵێکدا.

ئاماژە بەوەش کراوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەڵاوسانی ناوخۆی لە ٥.٥٪ـی ساڵانە و رێگەگرتن لە گەڕانەوەی بازرگانان بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ بە تێکڕا بۆ هەر رۆژێک ٩٦.٧٪ فرۆش بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.

باس لەوەش کراوە، تێکڕای فرۆشی حەواڵەی دەرەکی دۆلار بۆ مامەڵەی بازرگانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان یەک ملیار و ١٨٩ ملیۆن و ٩٦١ هەزار و ٤٠٢ دۆلار بووە کە تێکڕای فرۆشی حەواڵەی رۆژانەش نزیکی ٢٣٨ ملیۆن دۆلار بووە.

بانکی ناوەندی ئەوەشی خستووەتە روو، لە ماوەی مانگی ئازاردا بەرزترین ئاستی فرۆشیان بە شێوەی کاش و حەواڵە هەبووە و بەراورد بە مانگی یەک و دوو تێکڕای جیاوازی فرۆش زیاتر بووە لە ملیارێک دۆلار. وتیشی، "ئاستی گەشەی ئابووری بانکەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی فرۆشی مانگەکە بەشێوەی حەواڵە بە رێژەی ٤٪ بەرز بووەتەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی مانگی ئازاردا بە تێکڕا چوار ملیار و ٤٠١ ملیۆن و ٤٤٦ هەزار و ٢٤٧ دۆلار بەشێوەی کاش و حەواڵە بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار فرۆشراوە.













گەلەری