سەردێڕ:

داهاتی عێراق لە مانگێکدا ١١ تریلۆن دیناری تێپەڕاندووە؛ ٨٩٪ـی داهاتی نەوتییە

PM:02:56:09/04/2024

704 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی خشتە داراییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی داهاتی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ زیاتر لە ١١ تریلۆن و ٥٢٧ ملیار دینار بووە و لەو بڕەش زیاتر لە ١٠ تریلۆن و ٢٧٥ ملیار دیناری داهاتی نەوتی بووە کە بەرێژەی ٨٩٪ـی داهاتی عێراق پێک دەهێنێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوی کردەوە، نەوت سەرچاوەی سەرەکییە بۆ بودجەی گشتی عێراق و بە رێژەی ٨٩٪ـی داهاتی عێراق لە بودجەی فیدراڵیدا پێک دەهێنێت و داهاتی نانەوتیش ١١٪ـی بودجە پێک دەهێنێت، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ٦٪ زیادی کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی خشتە داراییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی داهاتی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ١١ تریلۆن و ٥٢٧ ملیار و ٤٥٣ ملیۆن و ٥٨٧ هەزار دینار بووە.

ئەوەش خراوەتە روو، لەکۆی سەرجەم ئەو داهاتە بڕی ١٠ تریلۆن و ٢٧٥ ملیار و ٧٧٦ ملیۆن و ٤٦٠ هەزار دیناری داهاتی نەوتی بووە و بڕی یەک تریلۆن و ٢٦٦ ملیار و ٣٠٧ ملیۆن و ٩٥٦ هەزار دیناریش داهاتی نانەوتی بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوی کردەوە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا داهاتی نانەوتی بە رێژەی ٦٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ١١٪، لەکاتێکدا، ساڵی رابردوو داهاتی نانەوتی تەنها ٥٪ بوو.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی داهاتی نانەوتی، مەزهەر ساڵح راویژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بودجەی ئەمساڵی عێراق بە تەواوی بودجەی وەبەرهێنان دەبێت لە کەرتی نانەوتیدا و هەوڵیش دەدرێت سوود لە سامانی سەر زەوی و کشتوکاڵی عێراق وەربگرن بۆ فراوانکردنی ئابووری و کاریگەری عێراق بەسەر ئابووری جیهانەوە. وتیشی، "پێشبینی دەکەین تا ساڵی ٢٠٢٧ داهاتی نانەوتی بەرزبکرێتەوە بۆ ٢١.٢٪ ـی تێکڕای بودجەی عێراق".













گەلەری