سەردێڕ:

بانکی ناوەندی زیاتر لە ٢٧٨ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ نرخی دۆلار بەرز بووەوە

PM:02:59:08/04/2024

1432 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی رایگەیاند، ئەمڕۆ بە تێکڕا زیاتر لە ٢٧٨ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش و حەواڵە خستووەتە بازاڕەوە، دەشڵێت، " بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، فرۆشی کاش نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە".


ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی ئەلکترۆنی خستنەڕووی دراوە بیانییەکانەوە رایگەیاند، بەتێکڕا بڕی ٢٧٨ ملیۆن و ٥٢٥ هەزار و ٣٣٢ دۆلاری بە نرخی فەرمی بانکەکە فرۆشتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو رێژەیە بڕی ٤٠ ملیۆن و ٤٠٥ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە، بەراورد بە فرۆشی کاشی دوێنێ یەکشەممە کە فرۆشی کاش زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلار بوو، نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.

باسی لەوەش کرد، بڕی ٢٣٨ ملیۆن و ١٢٠ هەزار و ٣٣٢ دۆلاری بەشێوەی حەوالەی دەرەکی فرۆشتووە.

هاوکات، لەئێستادا لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ١٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٧ـی نیسان چاوگێک لە شاندی ئابووریی و دارایی بانکی ناوەندیی عێراق لە واشنتۆن بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گەیشتوونەتە رێککەوتن کە سەرجەم قەرزە داراییەکانی حکومەتی عێراق بە دۆلار بدرێتەوە تا رێژەی دۆلار و متمانەی بانکەکان زیاد ببێت.













گەلەری