سەردێڕ:

لە مانگی رابردوودا؛ هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا زیادی کردووە

PM:03:41:06/04/2024

648 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی ئازاردا، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا زیادی کردووە و بە تێکڕا عێراق زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە.


ئەمڕۆ شەممە، کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا ئاماری هەناردەی نەوتی عێراقی بۆ ئەمریکا بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لە مانگی ئازاردا، عێراق پێنج ملیۆن و ٤٨٣ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەراورد بە مانگی شوبات، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا زیادی کردووە، بەجۆرێک، لە مانگی ئازاردا عێراق رۆژانە نزیکەی ١٧٦ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. لە کاتێکدا، لە مانگی شوباتدا، عێراق بە تێکڕا ٤ ملیۆن و ٣٧٩ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە.

ئەوەش خراوەتە روو، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە مانگی ئازاردا بەجۆرێک بووە، لە هەفتەی یەکەمدا بە تێکڕا ٩٣ هەزار بەرمیلی رۆژانە، هەفتەی دووەم ٢٥٢ هەزار بەرمیلی رۆژانە، هەفتەی سێیەم ٢٤٤ هەزار بەرمیلی رۆژانە و لە هەفتەی چوارەمدا ٩١ هەزار بەرمیلی رۆژانە هەناردەی ئەمریکا کراوە.

باس لەوەش کراوە، لەدوای هەریەکە لە وڵاتانی، کەنەدا، مەکسیک، سعودیە و بەرازیل، عێراق لە پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین نەوتیان هەناردەی ئەمریکا کردووە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، لە دوای سعودیەوە لە پلەی دووەمدایە.













گەلەری