سەردێڕ:

نوسینگەی سودانی بۆ ئێن ئاڕ تی: لە قەرزی کەڵەکەبووی ئەم پرۆژانە خۆشدەبین

AM:12:00:03/04/2024

2492 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەمەبەستی تەواوکردنی پرۆژە تەواونەکراوەکان و فراوانکردنی ئاستی پیشەسازی ناوخۆیی و بیانی لە عێراقدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزەکانی ئەو پرۆژانە دەرکرد. وتیشی، " کۆمپانیاکان زیاتر لە ملیارێک دۆلار قەرزیان لەسەربووە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی بڕیاری قەرزی خاوەن پرۆژەکانەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی ٢ـی ئازاردا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزی پرۆژەکان دەرکرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە پرۆژە گەشتیاری و ئابووری و چەند پرۆژەیەکیش لە کەرتی وزەدا کە خاوەندارێتیان دەگەڕایەوە بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەوە کە زیاترە لە یەک ملیار و ٥١٠ ملیۆن دۆلار کارەکانیان وەستاندبوو.

باسی لەوەش کرد، ئەم بریارە بە گوێرەی یاسایی بازرگانی و پیشەسازی وەزارەتی بازرگانی عێراق بووە و مەبەست لە بڕیارەکەش دەسپێکردنەوەی پرۆژە تەواونەکراوەکان بووە تا بەهۆیەوە بتوانرێت لەم ساڵدا سەرجەمیان تەواوبکرێن. دەشڵێت، "سودانی بڕیاریشی داوە کە قەرزە کەڵەکەبووەکانی دەرەوەی عێراق کە تایبەتن بە کۆمپانیا بیانییەکان لە ١٠ ملیار دۆلارەوە کەمبکرێتەوە بۆ ٨ ملیار و٩٠٠ ملیۆن دۆلار و ئاسانکاری تەواویشیان بۆ بکرێت".

ئەوەشی خستە روو، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە کە دەبێت سەرجەم پرۆژە تەواونەکراوەکان لەم ساڵدا تەواوبکرێن و بەر لە کۆتایی هاتنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ پێویستە ئاستی گەشەی کەرت نانەوتی و دەستی کاری ناوخۆیی بەرێژەی ١٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیبێت.

هاوکات جگە لە قەرزەکان نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی کارگە و بەرهەمی ناوخۆیی بڕیاردراوە بە دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و بەنزین بۆ ٥٠٪ ـی کەمتر لە نرخی بازاڕەکانی جیهان. وتیشی، "بە کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و بەنزین بە رێژەی ٥٠٪ بازاڕەکان لە قۆناغی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخ تێدەپەڕن و دەگەڕینەوە دۆخی ئاسایی".

ئەوەش لە کاتێکدایە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خەرجییەکانی بودجەی ئەمساڵی عێراق تایبەت دەبێت بە وەبەرهینان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاری لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا. وتیشی، "ئەمساڵ بە تەواوی هاوکاری بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەکرێت".













گەلەری