سەردێڕ:

بانکی رافیدەین بۆ ئێن ئاڕ تی: قەرزی پێشوەختە دەدرێتە ئەم توێژە

PM:11:11:02/04/2024

2384 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بانکی رافیدەین بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رۆژی ٣ـی نیسانەوە سەرجەم خانەنشینانی عێراق کە هەڵگری کارتی ئەلیکترۆنی بانکی رافیدەینن دەتوانن سولفەی ساڵانە لە پێنج ملیۆنەوە تا ٢٥ ملیۆن دینار وەربگرن.


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێک لە راگەیاندنی بانکی رافیدەین لەبارەی دەستەبەری داراییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەلایەن بانکی ناوەندی و وەزارەتی داراییەوە داواکراوە کە ئاسانکاری تەواوەتی بۆ پێدانی قەرزی ئابووری بکرێت و لەیەکەم قۆناغیشدا سەرجەم خانەنشینانی عێراق دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر خانەنشینێک لە عێراق کە هەڵگری کارتی ئەلیکترۆنی بانکی رافیدەین بێت دەتوانێت لە سبەینێوە داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرزی ساڵانە کە لە پێنج ملیۆن دینارەوە تا ٢٥ ملیۆن دینار دەستپێدەکات پێشکەش بکات.

باسی لەوەش کرد، لە دوای وەرگرتنی قەرزەکە مانگانە بە گوێرەی مووچەی خانەنشینەکە یاخود مووچەخۆرەکە بڕێکی کەم لە مووچەکەی دەبڕدرێت تا کاتی تەواوبوونی قەرزەکەی کە پینج ساڵە. وتیشی، "لە سبەینێوە لە سەرجەم لقەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەست بە پێدانی سولفەی ساڵانە لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیدا دەکەین".

لەبارەی قەرزی خانووبەرەشەوە عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، قەرزی خانووبەرە نەوەستاوە و بەردەوامە، لە ئێستاشدا بانکەکان هیچ کێشەیەکی کەمی دیناریان نییە بۆیە دەتوانن سەرجەم بانکە حکومییەکان بەمەبەستی دەستەبەری خانووبەرە پارەدار بکرێن. دەشڵێت، "هاوڵاتییان دەتوانن بەبێ هیچ گرفتێک قەرزی خانووبەرە وەربگرن بە قیستی ١٥ ساڵ و رێژەی سوودی بانکی کە زیاتر نەبێت لە ٣٪ـی قەرزەکە".













گەلەری