سەردێڕ:

نوسینگەی سودانی بۆ ئێن ئاڕ تی: نرخی سووتەمەنی بەرێژەی ٥٠٪ کەمدەکرێتەوە

PM:10:16:02/04/2024

22508 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی کارگە و بەرهەمی ناوخۆیی بڕیاردراوە بە دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و بەنزین بۆ ٥٠٪ ـی کەمتر لە نرخی بازاڕەکانی جیهان. دەشڵێت، "بە کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و بەنزین بە رێژەی ٥٠٪ بازاڕەکان لە قۆناغی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخ تێدەپەڕن و دەگەڕینەوە دۆخی ئاسایی".


ئەمڕۆ سێشەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی بە گوێرەی یاسایی ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠٠٦ بریاریدا بە کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو یاسایە لە چوارچێوەی یاسایی وەبەرهێنانی عێراقدایە و بە گوێرەی یاساکەش نەوت و بەنزین و جۆرەکانی تری سووتەمەنی بە نرخی ٥٠٪ کەمتر لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆ دەدرێت بە کارگەکان و سەرجەم کارگە بیانییەکانیش دەگرێتەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەو کارگانەی کە تایبەتن بە وەبەرهێنانی بە نرخی پاڵپشتیکراوی ٦٠٪ سووتەمەنیان پێدەدرێت ئەم هەنگاوەش بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەسازی ناوخۆییەوە. وتیشی، "لەگەڵ نزمبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بە رێژەی ٥٠٪ ئەوە کاڵاکان و بەرهەمە کشتوکاڵی و ناوخۆییەکان دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانی نرخی شمەک لە بازاڕەکاندا".

هاوکات، لەبارەی غازی شلیشەوە ئەوەی خستە روو، رەزامەندی دراوە لەسەر کەمکردنەوەی نرخی غازی LPG بۆ هەر تەنیک تەنها ٤١٥ هەزار دینار وەردەگیرێت و ئەوەش سەرجەم ئەو کارگانە دەگرێتەوە کە پێویستیان بە غاز هەیە بۆ وەبەرهێنان، ئەو کارگانەشی کە تایبەت بە ریسایکڵین بۆ هەر تۆنێک غازی شل تەنها ٣٣٠ هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خەرجییەکانی بودجەی ئەمساڵی عێراق تایبەت دەبێت بە وەبەرهینان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاری لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا. وتیشی، "ئەمساڵ بە تەواوی هاوکاری بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەکرێت".













گەلەری